دواى سزاكان ئێران به‌م شێوازه‌ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 07/11/2018‌ :: 985‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ژوورى بازرگانى ئێران ئاشكراى ده‌كات، له‌ بانكێكى حكومى عێراقدا، ژمێره‌یه‌كى تایبه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ دانانى پاره‌ى هه‌نارده‌ و مامه‌ڵه‌  بازرگانییه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق.


مه‌هدی عه‌لى پور، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ژوورى بازرگانى ئێران له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵى (ئبنا)ى ئابوورى ئێران ده‌ڵێت: "ژمێره‌یه‌كى بانكى تایبه‌ت له‌ بانكێكى حكومى عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كه‌ى به‌فه‌رمى رانه‌یه‌گه‌یه‌نراوه‌، هه‌موو پاره‌یه‌كى داهاتى هه‌نارده‌ى بازرگانى به‌ یۆرۆ و دینار له‌و بانكه‌ داده‌نرێت".

عه‌لى پۆر، رونیكردوه‌ته‌وه‌: وه‌زاره‌تى دارایی و عێراق وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ جه‌ختیان كردوه‌ته‌وه‌، هه‌موو پاره‌كان له‌سه‌ر خواستى ئێران ده‌گۆڕنه‌وه‌ به‌دینار.

راشیگه‌یاندوه‌: ئه‌و ژمێره‌یه‌ بۆ دڵنیاییكردنى هاورده‌ى كاڵاوشمه‌ك له‌ عێراق به‌كارده‌هێنرێت، زۆربه‌ى كاڵاوشمه‌کەكانى ئێرانیش هه‌نارده‌ى عێراق ده‌كرێت.

جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ژوورى بازرگانى ئێران رونیكردوه‌ته‌وه‌: مه‌رجى ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بۆ عێراق ئه‌وه‌بووه‌، كه‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان به‌غدا و تاران به‌ دۆلار نه‌بێت، به‌ڵام ده‌توانن به‌ دینار و یۆرۆ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.

پێشتریش به‌رپرسانى به‌غداش رایانگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌كانى ئه‌مریكا دووباره‌ سزاكانى به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پانده‌وه‌، عێراقى ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێگه‌یان پێده‌دات غاز و وزه‌ و خوارده‌مه‌نى له‌ ئێران هاورده‌ بكه‌ن، به‌مه‌رجێك عێراق به‌دۆلار مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌كات.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure