سه‌ركردایه‌تیه‌كى پارتى كاندیدى حزبه‌كه‌ى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 06/11/2018‌ :: 13753‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت: نێچیرڤانى بارزانى راده‌سپێدرێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و ره‌تیشده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر كاندیدبوونى كێشه‌ له‌نێو پارتى دروستبووبێت و ده‌ڵێت: "هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاك نێچیرڤان كاندید كراوه‌".


عه‌لى عه‌ونى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6ى تشرینى دووه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى ئه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى به‌سه‌ركه‌وتوویى قۆناغى دژوارى هه‌رێمى ده‌ربازكردووه‌ و ئه‌زموونێكى باشى له‌ ئیداره‌ى حكومه‌تدا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها جگه‌له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق و ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ى هه‌یه‌تى، بۆیه‌ كه‌سێكى به‌هێزى ناو پارتییه‌ و ده‌توانێت به‌باشترین شێوه‌ ئیداره‌ى حكومه‌ت بكات، له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ش پارتى نێچیرڤانى بارزانى راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت.

عه‌لى عه‌ونى، ره‌تیشكرده‌وه‌ له‌سه‌ر كاندیدبوونى نێچیرڤان بارزانى كێشه‌كه‌ له‌نێو پارتى هه‌بووبێت و وتى: "هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاك نێچیرڤان بارزانى كاندیدى پارتى بووه‌، هیچ كه‌سێكى دیكه‌ش له‌نێو پارتیدا كاندید نه‌بووه‌ و هیچ كێشه‌ و گرفتێك نه‌بووه‌ بۆ كاندیدبوونى".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا نێچیرڤان بارزانى ده‌توانێت له‌ماوه‌ى مانگێكدا حكومه‌ت پێكبهێنێت و لایه‌نه‌كان رازى بكات، ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: پارتى خاوه‌نى 45 كورسییه‌وه‌ و ده‌توانێت حكومه‌ت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى پێكبهێنێت، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێكى به‌هێز پێكبێت به‌مه‌رجێك لایه‌نه‌كان گه‌مه‌ى ناشرینه‌كه‌ى پێشوو نه‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وجاره‌ ئه‌وه‌ى به‌شداره‌ به‌ جددى كاربكات و ئه‌وه‌شى ئۆپۆزسیۆنه‌ كارى خۆى بكات، هه‌روه‌ها یه‌كێتیش ده‌بێت ئه‌وه‌ قبوڵ بكات كه‌ به‌ 20 كورسى له‌ناو حكومه‌ت ده‌بێت، حكومه‌تیش له‌ماوه‌ى یاسایى خۆى پێكدێت.

ئه‌مڕۆ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كه‌م دانیشتنى خۆى ئه‌نجامدا و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت پاش یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیدانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، كاندیدى حزبى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ رابسپێردرێت. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure