عەرەبی عێراق وێڵی جۆرە هەنارێكی دەشتی بیتوێنن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 607‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
گوندەکانی کڵاوسوران و قەسرۆک و هیزۆپ لە دەشتی بیتوێنی قەزای ڕانیە بە هەنارە شیرینەکەیان ناوبانگی باشیان لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت عەلوەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیش پەیدا کردووە، جوتیاری یەکێک لەو گوندانەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تەنها لە گوندەکەی ئەوان ڕۆژانە زیاتر لە 10 تەن بەرهەمی هەنار دەفرۆشن و عەرەبەکانیش خواستێکی زۆریان لەسەر هەنارەکانمان هەیە و شارەزایەکی کشتوکاڵیش دەڵێت: "جۆری هەناری ئەو 3 گوندە هاوشێوەی کەمە لە عێراقدا".



عەرەبەکان خواستی زۆریان لەسەر هەنارەکانیان هەیە و زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری لە فرۆشتنی هەنار دەستکەوتووە

خدر ئیبراهیم جوتیارێکی گوندی کڵاوسورانە لە دەشتی بیتوێن بە دواڕۆژی وت: "زیاتر لە 50 جوتیاری گوندەکەیان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی هەناری شیرینن و ڕۆژانە زیاتر لە 10 تەن بەرهەمی هەنار دەخەنە بازاڕەوە، هەناری گوندی کڵاوسوران هەنارێکی شیرینە هەناری شیرینیش لەبازاڕدا کەمە، بۆیە لە بازاڕدا خواستێکی زۆری لەسەرە بە تایبەت لەلایەن عەرەبەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، ئەمەش وایکردووە داهاتێکی باش بۆ جوتیاران دابینبکات، بۆ نمونە ئەو لەم وەرزەدا لە فرۆشتنی هەنار زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری دەستکەوتووە".

ئەو جوتیارە باسی لەوەشکرد: بەهۆی شیرینی هەنارەکان عەرەبەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بەتایبەت داوای هەنارەکانیان دەکەن بە بارهەڵگر دەیگوازنەوە بۆ عەلوەکانی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق و لەئێستاشدا ئەوان نرخی کیلۆیەک هەناری شیرینی جۆری زۆر باش لەنێوان 600 - 700 دینار دەفرۆشن.

خدری جوتیار راشیگەیاند: جگە لە بەرهەمی هەنار هاوکات سرکەی هەنار خواستێکی زۆری لەسەرە و نرخی کیلۆیەک سرکەی هەناری زۆر باش بڕەکەی 10 هەزار دینارە.

زیاتر لە 40 هەزار دۆنم باخی هەنار لە دەشتی ڕانیە بوونی هەیە و هاوشێوەی جۆری هەناری ڕانیەش لە عێراقدا کەمە 

ساڵح حسێن شارەزای کشتوکاڵی بۆ دواڕۆژ وتی: "دوای ساڵی 2007 بەشێکی زۆری جوتیارانی دەشتی بیتوێنی قەزای ڕانیە دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی هەنار و بە نزیکەی 40 هەزار دۆنم زەوی باخی هەنار لە دەشتی بیتوێن بوونی هەیە و لەو چوارچێوەیەش هەناری گوندەکانی کڵاوسوران و قەسرۆک و هیزۆپ بەناوبانگن بەهۆی جۆری هەنارەکەیانەوە کە لە جۆری هەناری شیرینە".

باسی لەوەشکرد: هۆکاری ئەوەی کە عەرەبەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق خواستیان لەسەر هەناری ئەو گوندانە هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەناری شیرین لە ناوەڕاست و باشوری عێراق زۆر کەمە و بگرە لە هەرێمی کوردستانیش هەناری شیرین کەمە، ئەمەش وایکردووە عەرەبەکان خواستی تایبەتیان لەسەر هەناری دەشتی بیتوێن هەبێت بەتایبەت هەناری شیرین.

ئەو شارەزایەی بواری کشتوکاڵ باسی لەوەشکرد: هەنارە شیرینەی دەشتی بیتوێن لە بنەڕەتدا هەنارە شیرینەی نازەنینی پێدەوترێت، تەنانەت لە هەناری هەڵەبجەش جیاوازترە و بەراورد بە هەناری ترش و مێخۆش بازاڕی گەرمترە و خواستی تایبەتی لەسەرە.

هەناری شیرین نرخەکەی لەهەناری ترش و مێخۆش گرانترە 

شێرزاد سەعدی کاسبکارێکی گەڕۆکی میوەفرۆشە و بە دواڕۆژی وت: "هەناری کڵاوسوران و قەسرۆک لای هاوڵاتیان خواستێکی زۆری لەسەرە، چونکە هەنارێکی تەواو شیرینە، هاوکات نرخەکەشی گرانترە، بۆ نمونە هەناری ترش و مێخۆش کیلۆ و نیوێک تا سێ کیلۆ بە هەزار دینار دەفرۆشین، بەڵام هەناری شیرینی ئەو دوو گوندە کیلۆی بە هەزار دینار دەفرۆشن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure