حیزبێکی هەرێم ناوی خۆی دەگۆڕێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/11/2018‌ :: 16177‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وابڕیاره‌ ڕۆژی هه‌ینی داهاتوو  هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و داده‌په‌روه‌ری دوای ڕۆیشتنی سه‌رۆكه‌كه‌ی، كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی خۆی ئه‌نجامبدات، به‌مه‌به‌ستی دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ و گۆڕینی ناوەكەی.

دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ساڵی پار له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ دروستكرا و به‌شداری هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد و دواتر له‌مانگی ئه‌یلول به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ حزبه‌كه‌ی جێهیشت و گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كێتیی، تاوه‌كو ئێستا ئه‌و حیزبه‌ بێ سه‌رۆكه‌ و وابڕیاره‌ هه‌ینی داهاتوو یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی خۆی ئه‌نجامبدات.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاواز له‌ نێو ئه‌و حیزبه،‌ ڕۆژی هه‌ینی 9ی تشرینی دووه‌م، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ئه‌نجامده‌دات، به‌مه‌به‌ستی دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی ئه‌و حیزبه ‌و دانانی په‌یڕه‌وێكی ناوخۆیی نوێ.

دواڕۆژ زانیویه‌تی، له‌و كۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌دا وابڕیاره‌ ناوی هاویه‌یمانی بگۆڕدرێت ئه‌ویش به‌لێكردنه‌وی پاشگری "دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری" له‌گه‌ڵ گۆڕین و ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن و ئه‌نجومه‌نی گشتیی ئه‌و حیزبه‌.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، یه‌كێك له‌ كاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی بریتیی ده‌بێت له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی دوای ڕۆیشتنی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و كادیری ئه‌و حیزبه‌ بۆ  نێو یه‌كێتیی به‌ چۆڵی ماونه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ دواڕۆژ زانیویه‌تی، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ نادرێت، چونكه‌ بۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ره‌ و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌و پرسه‌ دوابخرێت بۆ كۆنگره‌ی داهاتوو.

ئارام قادر، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و حیزبه‌ بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: هاوپه‌یمانی له‌ دوای ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌سه‌ریداهات به‌رده‌وام ده‌بێت و سه‌ره‌تایه‌كی نوێ و به‌ فۆڕمێكی جیاواز ده‌ستپێده‌كات.

ئه‌وه‌شی ئاماژە پێدا: ئه‌نجامدانی هه‌ر كۆبوونه‌وه ‌و كۆنفرانسێك ئامانج لێی دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه ‌و سه‌ر له‌نوێ پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌واوی هه‌یكه‌لی هاوپه‌یمانیدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure