سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر سلێمانی دەبێت؟

هەواڵ / کوردستان :: 06/11/2018‌ :: 390‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: پێشتر لەگەڵ ئەمریكییەكاندا قسەیان كردوە كە دۆخی سلێمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران زۆر جیاوازە و دەڵێت: "خۆشبەختانە ئەمریكییەكان ئەو تێبینییانەیان وەرگرتووە و هەرێمی كوردستان و عێراق لە لیستی ئەو شوێنانەن كە لەو گەمارۆیانەدا موراعاتی تایبەتیان دەكرێت".

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی دوای پێشوازیكردن لە شاندی پارتی لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بەكاریگەری گەمارۆی ئەمەریكا بۆ ئێران لەسەر هەرێمی كوردستان رایگەیاند: كاتێك ئەمریكییەكان سەردانیان كردوون قسەیان كردووە، كە دۆخی سلێمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر جیاوازە و 528 كیلۆمەتر سنوریان لەگەڵ ئێران هەیە، دوو مەرزی نێودەوڵەتی و چوار خاڵی رەسمی و 50 خاڵی لاوه‌كى ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەیە.

ناوبراو وتی: "ناوچەكەمان لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان پەیوەندی كۆمەڵایەتی و كلتوری بەهێزی هەیە، خۆشبەختانە ئەمریكییەكان ئەو تێبینییانەیان وەرگرتووە و هەرێمی كوردستان و عێراق لە لیستی ئەو شوێنانەن كە لەو گەمارۆیانەدا موراعاتی تایبەتیان دەكرێت".

هەڤاڵ ئەبوبەكر وتیشی: "ئومێدمان وایە ئەو خاڵانە دانەخرێن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوام بێت، پێشتریش ویستومانە بازاڕی نوێ لەگەڵ توركیا و رۆژئاوای كوردستان و بەسرە و وڵاتانی كەنداو بكەینەوە".

لە دوێنێوە قۆناغى دووه‌مى گەمارۆكانى ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەستیپێكردەوە و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش ترسیان هەیە ئەو گەمارۆیانە كاریگەری بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شمەك هەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure