مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان: ئەگەر گەمارۆكەی سەر ئێران ساڵێك بخایەنێت رێگەی تر دەگرینەبەر

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 6411‌ جار بینراوە
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم

دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەپێی وتەی سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم، لەهەر حاڵەتێكدا نەتوانرێت كاڵا لە ئێرانەوە هاوردە بكرێت، ئەوا لەگەڵ بازرگانان رێگە و دەرچەی تریان لەبەردەستە بۆ كۆنترۆلچكردنی دۆخەكە. شێخ مستەفا شێخ محەمەد سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژ داوا لە هاووڵاتییان دەكات، بیر لە گریمانەی داخستنی سنوور و گرانبوونی كاڵا نەكەنەوە بەهۆی گەمارۆ ئابورییەكەی ئەمریكا لەسەر ئێران. 

 دواڕۆژ:  ئایا قۆناغی دووەمی گەمارۆ ئابورییەكەی ئەمریكا لەسەر ئێران كاریگەریی لەسەر هەرێم دەبێت؟ تاچەند رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا كەمیكردووە؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم بەتایبەت لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەكی كۆنی هەیە، ساڵانە بە بەهای نزیكەی 6 ملیار دینار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوودا دەكرێت. گەمارۆ ئابورییەكەی ئەمریكا لەسەر ئێران دڵەڕاوكێی لەناو خەڵكدا بڵاوكردووەتەوە، لە قۆناغی یەكەمدا لەبواری بانكەكاندا بوو كە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا نەكرێت، ئێستا لە قۆناغی دووەمدا كە لە 5ی ئەم مانگەوە دەست پێدەكات، بواری نەوت دەگرێتەوە و كاریگەریی لەسەر نەوتی ئێران دەبێت، بەڵام سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی كاڵا هیچ كاریگەرییەكی نابێت، قسەی ئەوەش نییە سنوور دابخرێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا بوەستێت، بەپێی ئەوەی وەكو یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ رێكخراوە ئابورییەكانی ئێراندا هەیە بەتایبەت ژووی تەعاونی، هەروەها بازرگانی و پیشەسازی و كارخانەكان، بەردەوام لە گفتوگۆداین لەگەڵیان بەهەمانشێوە لەگەڵ هاوردەكارانی خۆمان بەتایبەت ئەوانەی براندیان هەیە، لەگەڵ هەموویان قسەمان كردووە و  هیچ كێشەیەك لە هێنانی كاڵا بۆ هەرێم روونادات.

دواڕۆژ: بۆ ئەوەی نرخی سووتەمەنی گران نەبێت چی دەكەن؟ ئایا رێگای تر دەگرنەبەر بۆهێنانی؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
ئەو نەوتەی كە گران بووە لەناو هەرێم، نەوتفرۆشەكان خۆیان نرخیان زیادكردووە، ئەگەرنا هۆكارەكەی ئێران نییە. نرخی سووتەمەنی گران نابێت و بۆ هەر حاڵەتێكیش رێگای ترمان هەیە بۆ هێنانی سووتەمەنی.

دواڕۆژ: ئەگەر بازرگانێك ئەم هەلەی قۆستەوە و نرخی زیادكرد چی بەرامبەر دەكرێت؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
بەهۆی ئەو هەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە، رەنگە هەندێك بازرگان و فرۆشیار لای خۆیانەوە تا رادەیەك نرخ بەرزبكەنەوە، زۆربەی ئەندامەكانمان ئاگادار كردووەتەوە كە كاڵای هەمەجۆر و زۆر بهێنن، بۆ ئەوەی بازرگانێك نەتوانێت كاڵایەكی خۆی هەبێت و نرخەكەی بەرز بكاتەوە، پێویستە چاودێریی بازرگانی چاودێرییان بكات، تا بازرگانێك نەتوانێت نرخی كاڵا بەرزبكاتەوە.

دواڕۆژ: كەواتە پێتوایە راگەیاندنەكان هۆكارن بۆ بەرزكردنەوەی نرخ؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
بەداخەوە راوبۆچوونی هەندێك كەس بڵاودەكرێتەوە كە زۆربەی گریمانەیە و دڵەڕاوكێ دروست دەكات، پێویستە میدیاكاران ئاگاداری ئەمە بن، تا نرخ لە بازاڕدا گران نەبێت.

دواڕۆژ: تاچەند ئاستی هەناردە و هاوردە لە نێوان ئێران و هەرێمدا دابەزینی بەخۆوە بینیوە؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
ئەوانەی كاڵا دەهێنن تائێستا هیچ ئاستەنگێكیان بۆ دروستنەبووە، ماوەیەك بەرلەئێستا تەنها تەماتە و پەتاتە نەدەهات، چونكە وەرزی خۆی نەبوو، جگەلەوە خواستی ناوخۆی ئێرانی پڕ نەدەكردەوە بۆیە هەناردەی نەدەكرد.

دواڕۆژ: پێتوایە بەردەوامبوونی گەمارۆكەی سەر ئێران لەچەند مانگی داهاتوودا كاریگەریی بخاتە سەر هەرێمیش؟ ئایا رێڕەوی بازرگانی هەرێم بۆ كام وڵات دەگۆڕێت؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
كاڵاكان بەبەردەوامی دێن، بەڵام ئەگەر گەمارۆكە نزیكەی یەك ساڵی خایاند لەوانەیە كەرەستەی سەرەتایی كە ئێران لە دەرەوە دەیهێنێت ئاستەنگ بۆ كارخانەكانی ئەو وڵاتە دروست بكات، ئەوكات ئێران ناتوانێت هەموو كاڵایەك هەناردەی دەرەوە بكات، هەندێك كاڵا لەوانەیە لە وەزارەتی بازرگانی ئەو وڵاتەوە رێگەی پێنەدرێت بنێردرێتە دەرەوە، بۆ ئەو مەبەستە بازرگانانی هەرێم بیریان لە دەرچەی تر كردووەتەوە، ئەو رێگا و وڵاتانەی كاری لەسەر دەكەن بۆ هەر ئەگەرێك بریتین لە توركیا و یۆنان و میسر و كەنداو و سعودیە و ئیمارات و چین.

دواڕۆژ: چیتان كردوە بۆ ئەوەی ترس و دڵەراوكێ‌ بڵاونەبێتەوە؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بە هیچ شێوەیەك گوێ‌ بەو گریمانانە نەدەن كە باس لە داخستنی سنوور و گرانبوونی نرخی كاڵا و كەمبوونەوەی دەكەن، ئەمانە دوورن لە راستییەوە و روونادات، بەڵكو كارخانەكانی ئێران خۆیان حەز دەكەن كاڵامان بۆ بنێرن، لە حاڵەتێكدا كە كاڵای ئێرانی كەمبووەوە بەدیلمان زۆرە بۆ هێنانی.

دواڕۆژ: بەهۆی ئەوەی مامەڵەی بازرگانانی هەرێم لەگەڵ ئێران بە دۆلارە، ئایا لەمەودوا كێشە بۆ هاوردەی كاڵا دروست نابێت؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
باسمان لەوە كردووە بازرگانانی خۆمان لەگەڵ هەر وڵاتێكدا كار دەكەن بە دۆلار بیكەن، تاوەكو تووشی زیان نەبن، نەك بە دراوی ئەو وڵاتە كاربكەن، زۆربەی كاڵاكانیش بە دۆلار دەكڕدرێت.

دواڕۆژ: ئایا كاریگەریی گەمارۆكەی سەر ئێران وای كردووە بازرگان و سەرمایەدارانی ئێران روو بكەنە هەرێم؟
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان:
لەگەڵ كارخانەكانی ئێران لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەگەر نەتوانن لە ئێران كار بكەن بێنە هەرێمی كوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ بازرگانانی ئێرە كار بكەن، لەبەر ئەوەی نرخی تمەن دابەزیووە دەیانەوێت بێنە هەرێم كارگە بكەنەوە.





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure