چرا چۆلی: بەهیچ شاعیرێك سەرسام نیم

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 3842‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا 
چرا چۆلی، کچێکی دانیشتووی قەزای ڕانیەیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین، تاقە شاعیری کچی قەزاکەیە. لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دواڕۆژ دەڵێت"مەرج نییە هەموو شاعیرێک عاشق بێت" و شعیرنووسین بەهرەیەکی خوداییە و پێویست بە زۆر لەخۆکردن و عاشقبوون ناکات". هاوکات داخیش لەوە دەخوات کە بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە کچان ناتوانن شیعر بنووسن و "ئەگەر دەست بکەن بە هۆنراوە نووسین زوو وازدەهێنن".


دواڕۆژ: چرا چۆلی تەمەنی چەندە و نازناوی (چۆلی) لە چییەوە هاتووە؟
چرا چۆلی: تەمەنم 23 ساڵە، نازناوی چۆلی لە بنەماڵەكەمەوە بۆم ماوەتەوە، دوای ئەوەی باپیرەم بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ماوەیەكی زۆر لە چۆڵەوانییەك دەمێنێتەوە و دواتر ئاوەدانی دەكاتەوە و دەیكاتە شوێنی ژیان، ئەم نازناوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە .

دواڕۆژ: چەند ساڵە دەستتکردووە بە نووسینی هۆنراوە و کێ هاندەری سەرەکیتە؟
چرا چۆلی: لە تەمەنی منداڵیمەوە دەستم داوەتە نووسین، لە سەرەتادا هۆنراوەی منداڵانم دەنووسی. یەكەم هۆنراوەشم لە تەمەنی 10 ساڵیدا نووسی بۆ (پەتاتە). هیچ كەس هاندەرم نییە، بەڵام هیچ كەسیش ڕێگرم نییە، چونكە باوكم پێیوایە پێویستە شاعیر لە نووسیندا ئازاد بێت .

دواڕۆژ: ناوەڕۆکی هۆنراوەکانت زیاتر باس لە چ لایەنێک دەکات و دەتەوێت لە رێگەی هۆنراوەکانتەوە چ مەبەستێک بگەیەنیت؟
چرا چۆلی: ناوەڕۆكی هۆنراوەكانم (داكۆكی ڕەگەزی)ە، واتا داكۆكیكەری ڕەگەزی مێ-م، بەڵام بەو مانایە نا كە بمەوێ ڕەگەزی نێر وەك دڕندە نیشانبدەم، بەڵكو تەنیا دەمەوێ ئەو كۆسپ و ئازار و بەربەستانە نیشانبدەم كە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم ژنی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتییدا.

دواڕۆژ: لە هۆنراوەکانتدا پەیڕەوی کام قوتابخانەی نووسین دەکەیت و بە کام شاعیری کورد سەرسامیت؟
چرا چۆلی: شعرەكانی من لەسەر ڕێبازی هۆنراوەی ئازاد-ن، گەر بەپێی لێكدانەوەی شعری ئەرستۆش بێت، هۆنراوەكانم داستانەشعرە چونكە پابەند نییە بە كێش و سەروا و كاتەوە، هەروەها زیاتر لە شێوەی گێڕانەوەیەدایە. سەرسام  نیم بە هیچ كام لە شاعیرەكان، چونكە من، ڕاستە شعر دەنووسم، بەڵام خوێنەری ڕۆمان و كورتەچیرۆك و داستانم، سەرسامی ژانرە ئەدەبیەكانی ترم، لە كاتێكادا شاعیرە كوردەكان جێگەی شانازین چونكە ئەوان مێژووی پڕ لە شانازیی ئەدەبی كوردیین.

دواڕۆژ: هۆکاری کەمیی کچان لەبواری نووسینی هۆنراوەدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
چراچولی: بەڕای من هۆنراوە پێویستی بە ئازادییە، ئازادیی لە نووسیندا، چونكە ئەگەر بەردەوام پەردەپۆشی لە ڕستەكاندا بكەی  و لێكچواندن بەکاربهێنی هیچ تام و چێژێك لە شعرەكەدا نامێنێتەوە. بۆ ئەوەی شعرێكی جوان و تێروتەسەل بنووسی پێویستە ڕاشكاو و چاونەترس بیت، بەداخەوە ژنان و كچانی ئێمە ئەو ئازادییەیان نییە بۆیە هەر زوو وازدەهێنن.

دواڕۆژ: ئایا هیچ بەرهەمێکی چاپکراوت هەیە؟ 
چرا چۆلی: هیچ بەرهەمێكی چاپكراوم نییە. لەڕاستیدا خۆم هەوڵی جدیم نەداوە بۆ چاپکردنی بەرهەمەکانم، بەڵام نیازم هەیە لە داهاتوودا پشت بە خودا  هەوڵی بۆ بدەم.

دواڕۆژ: ئەو کەسانەی دەستخۆشیت لێدەکەن و هانت دەدەن یاخود خوێنەری هۆنراوەکانت، زیاتر کچانن یا کوڕان؟
چراچۆلی: ئەو کەسانەی دەستخۆشیم لێدەکەن لە هەردوو ڕەگەزن و سوپاسیان دەكەم و چاوی منن .

دواڕۆژ: جگە لە چرا، کەسی تر هەیە لە خێزان و بنەماڵەکەت لە بواری  هونەری و ئەدەبی کار بکەن یاخود بنووسن؟ 
چرا چۆلی: نەخێر هیچ کەسێکی تر نییە تەنیا خۆم دەنووسم، بەڵام زۆربەی ئەندامانی خێزان و بنەماڵەکەم خوێنەری باشی بابەتە هونەری و ئەدەبیەکانن .

دواڕۆژ: ئایا مەرجە شاعیر عاشق بێت (عاشقی ڕەگەزی بەرامبەر) تا هەستی دڵی بخاتە سەر پەڕەی کاغەز؟
چرا چۆلی: هەرگیز من من پێموانیە شاعیربوون پەیوەندیی هەبێ بە عاشقبوونەوە، دەتوانم بڵێم شاعیربوون بەهرەیەكە كە خودا پێتدەبەخشێ و ئەو بەهرەیە لە منداڵیەوە لێتدەردەكەوێت، بەڵام پێویستە لە خۆتدا بیدۆزیتەوە و پەروەردەی بكەیت، هیچ پێویست بە زۆر لەخۆكردن و عاشقبوون ناكات، هەروەك چۆن من ئەو بەهرەیەم لە منداڵیەوە لە خۆمدا دۆزیەوە و بەهۆی خوێندنەوە و دراسەكردن و ئەزموونەوە پەروەردەم كردووە .

دواڕۆژ: ئەو سەختیانە چی بوون کە بەهۆی کچبوونت لە دونیای نووسینی شعر و بڵاوکردنەوەیان هاتوونە ڕێگات؟
چرا چۆلی: بێگومان زۆر سەختی دێنە سەر رێت كاتێك بتەوێ بە رێگەیەكدا بڕۆی كە پێچەوانەی بیركردنەوەی كۆمەڵگەكەتە، هەرچەند من لە خێزانێكی ڕۆشنبیر لەدایكبووم بەڵام بوێریی خۆم و نەترسیم و پشتبەستنم بە خودا و خۆم هۆكارێكی گەورە بوو كە توانیم هەموو ئەو لەمپەرانە تێپەڕێنم .

دواڕۆژ: جگە لە نووسینی هونراوە چ خەونێکی ترت هەیە؟
چرا چۆلی: من جگە لە نووسین نواندنیشم كردووە لە 6 كاری شانۆییدا و ڕۆڵی سەرەكیم وەرگرتووە، نووسەری دوو دەقی شانۆییم بە ناوەكانی (نەفرەتی كچێك، پێشمەرگە) كە لە هەردووكیاندا ڕۆڵی سەرەكیم وەرگرتووە. هەروەها خەونی ترم هەیە و كاریان بۆ دەكەم و تا قۆناغێكی باش ڕۆشتوم، بەڵام هێشتا زۆرم ماوە پێیان بگەم گەر تەمەن باقی بێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure