دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
تاوه‌كو ئێستا دوو لایه‌نى سیاسى له‌باره‌ى به‌شدارینه‌كردنیان له حكومه‌تى داهاتووی هه‌رێمی كوردستان خۆیان یهكلایكردووهتهوه و هه‌ریه‌ك له گۆڕان و كۆمه‌ڵ-یش چاوه‌ڕێى كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن.
یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو 4ی تشرینی دووه‌م، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، مه‌رسومی هه‌رێمی بۆ یه‌كه‌م دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان ده‌ركرد، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه 6ى تشرینى دووه‌م یه‌كه‌م دانیشتن ئه‌نجام بدرێت، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌ندامانى نوێى په‌رله‌مان سوێند ده‌خۆن، سه‌رۆكى كاتیى په‌رله‌مان ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌كاته‌وه.
به‌رنامه و بۆچوونى لایه‌نه‌كان له‌باره‌ى به‌شداریكردنیان له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جیاوازه. به‌رپرسانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له‌گه‌ڵ دروستكردنى حكومه‌تى بنكه‌فراواندا نین و یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان-یش له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنه. هه‌ریه‌ك له نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كگرتووى ئیسلامى ئۆپۆزیسیۆنبوونى خۆیان راگه‌یاندووه و كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیش چاوه‌ڕێى دانوستاندن و راپرسى نێوخۆی حزبه‌كانیان ده‌كه‌ن.
سه‌لیم كۆیى، لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان له‌باره‌ى بهشدرایكردنى حزبه‌كه‌یان له كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم به دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌وان چاوه‌ڕێى به‌رنامه‌ى حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێم و بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و "له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه و به له‌به‌رچاوگرتنى بۆچوونى سه‌ركردایه‌تى و جه‌ماوه‌ر و كادیره‌كان، له به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵك بڕیارده‌ده‌ن".
هه‌روه‌ها وتى: "بۆچوونى به‌شدارینه‌كردن زاڵتره له به‌شداریكردن، به‌ڵام هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌كه له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه و گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت".
لایخۆیه‌وه كاكه‌مین نه‌جار، ئەندامی مه‌كته‌بى سیاسى پارتى پێیوایه: "دروستكردنى كابینه‌ى داهاتوو درێژه‌ناكێشێ و له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا دواى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت".
وتیشى: "ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێكى سیاسى نییه و دۆخی كوردستان وا دەخوازێت ئه‌و هێزانه‌ى له رووى كورسیه‌وه گه‌وره‌ن و خاڵى هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ پارتى زۆره به‌شداریان پێبكرێت".
نه‌جار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له چه‌ند رۆژى داهاتوودا ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى كۆده‌بنه‌وه له‌باره‌ى كاندیدى راسپێردراوى پارتى و به‌رنامه‌ى پارتى بۆ به‌شداریپێكردنى لایه‌نه‌كان، "به‌ڵام ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا روونبووه‌ته‌وه حكومه‌تى ئه‌مجاره بنكه‌فراوان نابێت".
یه‌كه‌م لایه‌ن كه پرسى بهشدارینهكردنى له حكومه‌ت یه‌كلاكرده‌وه یه‌كگرتووى ئیسلامى بوو له‌و باره‌یوه شێرکۆ جەودەت، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به دواڕۆژى وت: "یەکگرتوو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی هەڵبژاردووه، چونكه پێویستە ئۆپۆزیسیۆنێکی پیشەییانە و بوێر و کارا دابمەزرێت".
هه‌رچى نه‌وه‌ى نوێ-یه دواى پاشگه‌زبوونه‌وه‌یان له بڕیارى بایكۆتى سیاسى، بڕیاریانداوه ببنه ئۆپۆزیسیۆن.
ئارام سه‌عید، لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌كانى نه‌وه‌ى نوێ وتى: "به‌شداریكردنى لایه‌نه سیاسییه‌كان له كابینه‌ى داهاتوودا هیچ سوودێكى نییه و پێویسته به‌ره‌یه‌كى ئۆپۆزیسیۆنى كارا و فراوان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم پێكبهێنرێت. ئێمه به فه‌رمى داوامان له چه‌ند هێزێكى ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیى كردووه تاوه‌كو به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌یه‌كى فراوانى ئۆپۆزیسیۆن پێكبهێنرێ، به‌ڵام وه‌ڵامى روونمان له‌وباره‌یه‌وه وه‌رنه‌گرتووه".
هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی بۆ دواڕۆژ رایگه‌یاند: "یه‌كێتى به‌شداریى حكومه‌ت ده‌كات به به‌هێزى، چونكه یه‌كێتى یه‌كسانه به نیوه‌ى سیستمى حكومڕانى، بۆیه له خه‌یاڵ ده‌ژین ئه‌وانه‌ى پێیانوایه به‌بێ یه‌كێتیى حكومڕانى ئه‌نجامده‌درێت".
وتیشى: "به‌دوورى ده‌بینم پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتوو قورس بێت، له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگێكى كه‌م ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلاده‌كرێته‌وه و كابینه‌ى نوێ به‌زوویى ته‌شكیل ده‌بێت".
هاوشێوه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، بزووتنه‌وى گۆڕان-یش تاوه‌كو ئێستا خۆى یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه. هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان به دواڕۆژى راگه‌یاند: "جڤات بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌دات، به‌ڵام تائێستا به فه‌رمی هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانی دیارینه‌كراوه، تا بڕیار له‌سه‌ر به‌شداریی بزووتنه‌وه‌كه له كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت بدرێت یاخود ببینه‌وه به ئۆپۆزیسیۆن. به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌یش بۆ جڤاتی نیشتمانی، هیچ بڕیارێكی گۆڕان نادرێت و هه‌ردوو بۆچوونهكهیش له‌ناو گۆڕاندا هه‌یه".