دۆخی ئەمڕۆی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی له‌یه‌كه‌م رۆژى سزاكانى سه‌ر ئێران

هەواڵ / ئابوری :: 05/11/2018‌ :: 2264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بازرگانێكى ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، دۆخی ئەمڕۆی دراو بەتایبەتیش تمەن زۆر ئاسایی بووە و مامەڵە هەبووە.


سالار عەبدولڕەحمان، خاوەنی یەكێك لە دوكانەكانی گۆڕینەوەی دراو لەبازاڕی دۆلاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئەمڕۆ دۆخی بازاڕ هێور بووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار بەرامبەر یەك ملیۆن و 440 هەزار تمەن بوو، بەڵام كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ به‌هاى تمه‌ن كه‌مێك دابه‌زى 100 دۆلار بەرامبەر یەك ملیۆن و 470 هەزار تمەن بوو.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەمڕۆ مامەڵەی دراو لەنێو بازاڕ لەلایەك، هەروەها كوردستان و وڵاتی ئێرانیش ئاساییە، چونكە چەند مانگێكە كە باسی گەمارۆی ئابوری ئەمەریكا لەسەر ئێران دەكرێت بازرگانان بەو جۆرە مامەڵەیە راهاتوون.

سالار عەبدولڕەحمان وتی: "گەمارۆكە كاریگەری زۆری هەبووە، بەڵام ئێستا بازاڕ كەمێك هێوربۆتەوە، چونكە پێشتر تا 100 دۆلار تا نزیكەی ملیۆنێك و 900 هەزار تمەن رۆیشت".

سەبارەت بە هێوربوونی بازاڕ لە ئەمڕۆ كە یەكەم رۆژی سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئەمەریكایە بۆ سەر ئێران، ئه‌و بازرگانه‌ى دراو وتی: "حكومەتی ئێران پلانی هەیە ئاڵتون و درهەم ده‌فرۆشێت و دۆخی بازاڕه‌كانى دراوى راگرتووە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure