حكومه‌ت مه‌رجێك بۆ پێدانى پاره‌ به‌ به‌ڵێنده‌ران داده‌نێت

هەواڵ / ئابوری :: 05/11/2018‌ :: 224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
وەرگرتنی پارەی بەڵێندەران لە بانکەکانی سلێمانی دەستیپێکردووە و بەپێی مەرجەکانی وەزارەتی داراییش ئەو کەسانەی لەو پارەیە سودمەند دەبن، پێویسته‌ لەکاتی قەیرانی داراییەوە مامەڵەی بە ژمارەی ئەو پارەیە نه‌كردبێت، بەمەش کەمترین بەڵێندەر سودمەند دەبن.


میران کامل، وتەبێژی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی ١٠٠ ملیون دۆلار بۆ بەڵێندەرانی کوردستان ته‌رخانكرا و لەو برەش ٤٣ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەرانی سلیمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین دانرا، ئەو پارەیه‌ى به‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ش ده‌درێت، پێویسته‌ لەکاتی قەیرانی داراییەوە مامەڵەیان بە (چه‌كی پارەکه‌وه‌) نەکردبێت".

ڕاشیگەیاند: ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بوو، کە بەڵێندەرانی ماندوو شه‌کەت بەدەست قەیرانی دارایی، لەم بڕیارە سوود وەربگرن، بەڵێندەران بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیان چەکەکانیان بە کەمتر لە نیوەی نرخی خۆی فرۆشت، بۆیه‌ داوامان کردوه‌ ئەو بەڵێندەرانە قەرەبوو بکرێنەوە کە بنچینەی بریارەکەش هەر بۆ ئەو مەبەستەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی زۆر لە بەڵێندەران لە پێشتردا چەکی بانکی خۆیان فرۆشتووە، بەو ھۆیەوە لەئێستادا ژمارەی ئەو بەڵێندەرانە کەمن کە لەو پارەیەى بۆ به‌ڵێنده‌ران ته‌رخانكراوه‌ سودمه‌ند ده‌بن، ئه‌وه‌ش به‌هۆكارى ئەوەی پێشتر مامەڵەیان بەو چەکانەوە کردووە.

میران کامل دەڵێت: "ھەر بەڵێندەرێک کە بەچەک پارەی وەرگرتووە لە مانگی ٨ى ٢٠١٤ تا ٢٠١٨/٧/٣١ چەکی بێ ڕەسیدی پێدراوە، ئەمە دەبێتە بنەڕەتی پارەکەی، واتا لە بانکدا بۆ پێدانی پارە بە بەڵێندەر سەیری مێژووی ٢٠١٨ دەکات، کە چەند پارە لەسەر ژمارەکەیەتی، بەوپێیە پارە دەدات بە بەڵێندەر".
 
ڕاشیگەیاند: "زۆرینەی بەڵێندەر چەکیان فرۆشتووە یان دراوەتەوە بە قەرز، بۆ نموونە بەڵێندەرێک قەرزاری کارگەی چیمەنتۆ بووە، چەکەکەی داوە بە کارگەکە، بۆیە ئێمە داوامانکردووە چەک لەدەستی یەک و دوو و سێ ھەژماری بۆ بکرێت، تا سودمەندبن لەو پارەیە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure