هاوردەكردنی خۆراکێک بۆ هەرێم راگیرا

هەواڵ / ئابوری :: 04/11/2018‌ :: 7170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
بەمەبەستی پاڵپشتیكردنى بەرهەمی خۆماڵی و زەمینەسازی بۆ فرۆشتنی لەبازاڕەكانی هەرێمدا، لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەرێككەوتی 10/11/2018وە، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی قارچك دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی راگەیاندراوێكی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌ تیایدا هاتوو "بەمەبەستی پێشخستنی بەروبومی خۆماڵی و رەخساندنی زەمینەی ساغكردنەوەی لەبازاڕەكاندا، بەپێی نووسراوی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بڕیاردراوە بەقەدەغەكردنی بەرهەمی (قارچك) لەسەرجەم مەرزە نێودەوڵەتییەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان".

ئاماژە بەوەشكراوە: بەنووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتی وردبینی و پێناسە، دیاریكردنی بەها، بەژمارە (17324) لەڕێككەوتی 1/11/2018 بەپێی نووسراوی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ژمارە (6321) لە ڕێككەوتی 31/10/2018 بڕیاردراوە بەقەدەغەكردنی بەرهەمی قارچك، بۆ ناو هەرێمی كوردستان و  تەواوی مەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم، لەو بڕیارە نوێیە ئاگاداركراونەتەوەو لەبەرواری 10/11/2018 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure