بڕینه‌وه‌ی داری ته‌ڕ ژینگه‌ و سروشتی وێران كردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/11/2018‌ :: 436‌ جار بینراوە
"دروستبونه‌وه‌ی ئه‌و پاوان و دارستانانه‌ لانیكه‌م پێوییستیان به‌ نیو سه‌ده‌ بۆ سه‌ده‌یه‌كه‌"

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى وه‌رزى سه‌رما و سۆڵه‌، بڕینه‌وه‌ى دار له‌لایه‌ن دانیشتوانى ناوچه‌ سارده‌كانى هه‌رێم بۆته‌ دیارده‌، هاوڵاتیان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌هۆى دابه‌شنه‌كردنى نه‌وته‌وه‌یه‌ و رێكخراوه‌كانی ژینگه‌ش هۆشداری ده‌ده‌ن.


وه‌رزى سه‌رما و سۆڵه‌ و نه‌بوونى سوته‌مه‌نى ئه‌و دوانه‌یه‌ن كه‌ بونه‌ته‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژینگه‌ و سروشتی هه‌رێم.

"ماڵ و منداڵم له‌سه‌رما ره‌ق ده‌بنه‌وه‌"
هاوڵاتییه‌كی دانیشتوی قه‌زای سۆران، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ رووى له‌ بڕینه‌وه‌ى دار كردووه‌ بۆ دواڕۆژ وتى: "سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا حكومه‌ت نه‌وتی به‌سه‌ردا دابه‌شنه‌كردوین، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌ناچاریه‌وه‌ په‌نا ده‌به‌ینه‌به‌ر بڕینه‌وه‌ و هێنانی دار له‌ پاوان و دارستانه‌كانی ئه‌و سنوره‌". 
(م.ح.ر) ته‌مه‌ن نزیكه‌ى 45 ساڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ده‌زانم ئه‌و كاره‌ی من نایاساییه‌ و زیانی زۆریشی هه‌یه‌ بۆ ژینگه‌ و سروشت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داریش نه‌هێنم ئه‌ی چی بكه‌م، كه‌ نه‌وت و كاره‌بای به‌رده‌وام نه‌بێت و هۆكاره‌كانی دیكه‌ی خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ نه‌بن و داریش نه‌هێنم، ئه‌ی ماڵ و مناڵم به‌چی گه‌رم بكه‌مه‌وه‌ خۆ ره‌قیان ناكه‌مه‌وه‌ له‌سه‌رما. 
(سه‌فین ئه‌حمه‌د) یه‌كێكى تره‌وه‌ له‌ هاوڵاتیانى سنوره‌كه‌ ئه‌و بۆ دواڕۆژ وتى: ناكرێت ئه‌وانه‌ی دار له‌ دارستان و پاوانه‌كانه‌وه‌ ده‌هێنن هه‌مویان وه‌ك یه‌ك تاوانبار بكرێن و سه‌رزه‌نشت بكرێن، به‌وه‌ی كه‌ ژینگه‌ وێران ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی روده‌كه‌نه‌ هێنانی دار، مه‌رج نیه‌ هه‌مویان داری ته‌ڕ ببڕنه‌وه‌ هه‌یانه‌ هیچ كاتێك و به‌هیچ جۆرێك جگه‌ له‌ داری وشك داری ته‌ڕ نابڕێته‌وه‌. 

نرخى یه‌ك پیكاب دار ده‌گاته‌ 140 هه‌زار دینار
هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیانى سنورى قه‌زاكانی سۆران و چۆمان و رواندز كڕین و فرۆشتن به‌و دارانه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ پاوان و دارستانه‌كانه‌وه‌ ده‌یبڕن، ئه‌و دارانه‌ به‌نرخێكی زۆر به‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌فرۆشن كه‌ بۆ سۆپای دار سودی لێوه‌رده‌گرن. 
فرۆشیارێكى دار، كه‌ نه‌یویست ئاماژه‌ به‌ناوه‌كه‌ی بدرێت، به‌ دواڕۆژی وت: " ئێمه‌ جێگای تایبه‌تمان نیه‌ كه‌ كڕین و فرۆشتنی لێوه‌بكه‌ین، چونكه‌ له‌ حاڵه‌تێكی وه‌هادا پۆلیسی ژینگه‌ ده‌ستگیرمان ده‌كات، به‌ڵام له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ كڕیاران په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ده‌كه‌ن و ناونیشانی ماڵ یان شوێنی مه‌به‌ستمان پێده‌ڵێن و دوای رێككه‌وتن له‌سه‌ر نرخه‌كه‌ی باره‌ داره‌كه‌یان بۆ ده‌به‌ین. 
باسی له‌وه‌شكرد: نرخی یه‌ك پیكاب دار له‌ 100 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 140 هه‌زار دینار ئه‌مه‌ش به‌پێی باشی و جۆری داره‌كه‌ ده‌گۆڕێت. 

هه‌ندێك له‌ بازگه‌كان له‌برى رێگرى ئاسانكارىده‌كه‌ن

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتون هه‌ندێك له‌ بازگه‌كانی سنوری ده‌ڤه‌ری سۆران ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ پاوان و دارستانه‌كانه‌وه‌ دار ده‌هێننه‌وه‌ بۆ سه‌نته‌ری قه‌زاكان، زۆرجار ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیرناكرێن و رێگایان پێده‌درێت كه‌ پیكابه‌ پڕ له‌ داره‌كانیان بهێننه‌وه‌. 
وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی پێدا: "هه‌ندێك كاتیش بازگه‌كان و هێزه‌كانی ژینگه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر داره‌كانیاندا ده‌گرن و ئه‌و هاوڵاتیانیش ده‌ستگیرده‌كه‌ن كه‌ داره‌كانیان هێناوه‌". 

رێكخراوه‌كانی ژینگه‌ هۆشداری ده‌ده‌ن 
هه‌ژار ماهیر، به‌رپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ خه‌می ژینگه‌ و سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن، پێویسته‌ نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیان دابه‌شبكه‌ن و نرخێكی كه‌میشیان لێوه‌رگرن، ئه‌وكات بیانوی ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌بڕێت كه‌ خه‌ریكی بڕینه‌وه‌ی دارن، چونكه‌ ئه‌وه‌ شتێكی روون و ئاشكرایه‌ كه‌ هاوڵاتیان به‌هۆی نه‌بونی نه‌وته‌وه‌ په‌نایان بردۆته‌به‌ر بڕینه‌وه‌ی دار
وتیشى: "به‌هۆی بڕینه‌وه‌ی دار خه‌ریكه‌ به‌شێك له‌ پاوان و دارستانه‌كانی ئه‌و قه‌زایانه‌ی سنوره‌كه‌ وێران ده‌بن و روت ده‌بنه‌وه‌ له‌ داروده‌رخت، ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌یه‌ و مه‌ترسیداره‌" ئه‌وه‌شى وت: چونكه‌ دروستبونه‌وه‌ی ئه‌و پاوان و دارستانانه‌ كاتێكی یه‌كجار زۆری پێویسته‌، لانیكه‌م پێوییستیان به‌ نیو سه‌ده‌ بۆ سه‌ده‌یه‌كه‌ تاكو پاوان و دارستانه‌كان دروستده‌بنه‌وه‌. 
به‌رپرسی ڕێكخراوی وار ڕونیشیكرده‌وه‌: هه‌ر دارێك به‌مشار و ماتۆڕ ببڕدرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ سه‌رده‌رناهێنێته‌وه‌ و وشك ده‌بێت، بۆیه‌ تكا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین كه‌ دوربكه‌نه‌وه‌ له‌ وێرانكردن و تێكدانی ژینگه‌ و سروشتی كوردستان. 
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ موقه‌ده‌م ره‌زا محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و ژینگه‌ و دارستانی سۆران به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بڕینه‌وه‌ی داری ته‌ڕ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌ و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین دووربكه‌نه‌وه‌ له‌ بڕینه‌وه‌ی داری ته‌ڕ. 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: بۆ رێگریكردن له‌ بڕینه‌وه‌ی دار چه‌ندین رێگای لاوه‌كیمان گرتووه‌ و له‌ هه‌ندێك شوێنیش مه‌فره‌زی پۆلیسمان داناوه‌ و رۆژانه‌ هاوڵاتیان له‌سه‌ر بڕینه‌وه‌ی دار ده‌ستگیرده‌كه‌ین و راده‌ستی یاسایان ده‌كه‌ین. 
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ژینگه‌ و دارستانی سۆران جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ هیچ كاتێك ئاسانكاری بۆ هێنانی داری ته‌ڕ نه‌كراوه‌ و ناشكرێت، هه‌ر كه‌سێكیشی رێگه‌ به‌ بڕینه‌وه‌ی داری ته‌ڕ یان هێنانی بدات له‌ بازگه‌كان لێپێچینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure