دواڕۆژ زانیاری لەبارەی زۆربوونی فڕۆكە لەئاسمانی سلێمانی ئاشكرادەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 04/11/2018‌ :: 3200‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
چەند رۆژێكە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی تێبینی ئەوەیان كردووە كە رێژەی هاتوچۆی فڕۆكە بە ئاسمانی شارەكەیاندا بەراورد بە رابردوو زۆر زیادی كردوە، بەجۆرێك بەشێك لە هاووڵاتیان باس لەوە دەكەن لە بەلەكۆنی نهۆمەكانی سەرەوەی شوقەكانی نیشتەجێبوون رادەمێنن بەدیار هاتوچۆی فڕۆكەكان و زۆرجار دەیانژمێرن.


سەروەر عەلی كە هاووڵاتییەكی تەمەن 52 ساڵە و لە یەكێك لە شوقەكانی شاری سلێمانی نیشتەجێیە، بۆ دواڕۆژ باسی لەوەكرد: ماوەیەكە بەتایبەتی ئێواران رێژەی هاتوچۆی فڕۆكە بەسەر ئاسمانی سلێمانیدا زۆر زۆر زیادی كردوە.

"ئێوارەیەك لە بەشێك لە نهۆمی شوقەكان بینیم منداڵان سەیری ئاسمان دەكەن، منیش چومە بەلەكۆنەكە و سەیری ناو هەورەكان و ئاسمانی سلێمانیم كرد بینیم رێژەیەكی زۆر فڕۆكە هاتوچۆ دەكەن" سەروەر وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو "چەند رۆژێكە تێبینیم كردووە كە رێژەی هاتوچۆی فڕۆكە بەسەر ئاسمانی سلێمانیدا زۆر زیادی كردوە، بەجۆرێك لە چەند خولەكێكدا 18 فڕۆكەم ژمارد".

لەلایەكی دیكەوە ئاوات نوری، هاووڵاتییەكی تەمەن 45 ساڵی قژ ماش و برنجی دانیشتووی سلێمانییە و ئاماژەی بەوەدا: چەند رۆژێك دەبێت تێبینی ئەوەی كردوە رێژەی هاتن و چوونی فڕۆكە بەسەر ئاسمانی سلێمانیدا رووی لە زیادبوون كردوە.

ئاوات دەڵێت: "لە بەیانیان فڕۆكەم لە ئاسمانی سلێمانی بینیوە، بەڵام لە ئێواران هاتوچۆی فڕۆكە زۆر زۆر دەبێت، پێموایە لە رۆژێكی تەواودا نزیكەی 50 فڕۆكە بەسەر ئاسمانی شارەكەماندا هاتوچۆ دەكەن و هیچیشیان لە فڕۆكەخانەی سلێمانی نانیشنەوە".

سەبارەت بەو تێبینیەی هاووڵاتیان تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "ئەو فڕۆكانە زیاتر ئێواران لەكاتی رۆژئاوابووندا دەردەكەون، كاتێك تیشكی خۆر دەیدات لە دوكەڵی ئەو فڕۆكانە دەبێت بە هەڵم، چونكە ئەو فڕۆكانە زۆر بەرزن و پلەی گەرما زۆر نزمە، بۆیە ئاوا دەردەكەون وەك ئەوەی لە ئاسمانی سلێمانیدا بن، ئەمانەش لە هەموو كاتێكدا هەن".

وتیشی: "ئەو راڕەوە نێودەوڵەتییە و فڕۆكەكان لە سەروو رۆژهەڵاتی عێراق و لە ئێرانەوە تێدەپەڕن بەسەر كوردستاندا و دەچن بۆ وڵاتی تر، ئەمەش بەس سلێمانی نییە، چونكە ئاسمانی عێراق دیزاین كراوە بە رێڕەوی ئاسمانی، فڕۆكەكانیش ئاسمانی ئەو وڵاتە بەكاردەهێنن و ئاسمانی كوردستانیش بەشێكە لەو دیزاینە".

تاهیر عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو فڕۆكانە زۆرینەیان بازرگانی و بارهەڵگرن و رەنگە فڕۆكەی سەربازیشیان تێدا بێت، لەسەر زەوییەوە فڕۆكە ئاوا دیارە ئەگینا هیچ فڕۆكەیەك لەگەڵ فڕۆكەیەكی تر كەمتر لە 10 كیلۆمەتر نێوانیان نییە، ئەمەش بۆ چاودێریی ئاسمانیی و سەلامەتی فڕۆكەوانییە".

باسی لەوەشكرد: "ئەكرێت فڕۆكە بەسەر ئاسمانی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستاندا بڕوات بۆ ئوردن یان کەنداو یان بەغدا و لەوێوە پێچ بكاتەوە ئەوەش شتێكی ئاساییە، زۆربوونی ئەو فڕۆكانەش لە ئاسماندا پەیوەندی بە چالاكی كۆمپانیاكانەوە هەیە".

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئاسمانی عێراق بەپێی دیزاینەكەی بووە بە چەند چینێك، چینی فلای فڕۆكەی هەموو وڵاتێك مافی ئەوەی هەیە بەسەر ئەو ئاسمانەدا بڕوات ئەوەش سیستمێكی نێودەوڵەتییە هەر فڕۆكەیەك كە بەسەر ئاسمانی وڵاتێكی دیكەدا دەفڕێت باج و گومرگێكی هەیە، ئەوەش دەچێتە بودجەی حكومەتی عێراقەوە".

تاهیر عەبدوڵا، جەختیشی كردەوە: "تائێستا هیچ لایەنێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی بابەتی باج و گومرگی ئاسمانی فڕۆكەوانیان لەگەڵ بەغدا نەكردوە، هیوادارین لە كابینەی داهاتوودا ئەو بابەتە باس بكرێت و بزانرێت داهاتی ئەو فڕۆكانە چەندە؟ چونكە رۆژانە 500 بۆ 700 فڕۆكە بەسەر ئاسمانی عێراق و هەرێمدا تێپەڕدەبن، ئەمەش داهاتی هەیە".

روونیشیكردەوە: "دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق باج و گومرگی بۆ هەر فڕۆكەیەك دیاریكردووە بەپێی قەبارەكەی كە بەسەر ئاسمانی وڵاتەكەیدا دەفڕێت، ئێمەش هیچ نوێنەرێكمان لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی نییە، بۆیە پێویستە پەرلەمانتارەكانمان لە بەغدا و كابینەی نوێی هەرێم لەو بابەتە بكۆڵنەوە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە