وادەی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن راگەیەنرا

هەواڵ / کوردستان :: 04/11/2018‌ :: 850‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
لەم هەفتەیەدا وردبینی لە لیستی كارمەندانی گرێبەستی رۆژی دەنگدانی پەرلەمانی كوردستان تەواو دەبێت و بەڕێوەبەری گشتی دارایی كۆمسیۆنیش دەڵێت: "دوای وردبینی چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەكەین بۆ خەرجكردنی پارەكە".

زەردەشت مەلا حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی دارایی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیەند: لەم هەفتەیەدا وردبینی لەلیستی ناوی كارمەندانی گرێبەستی كۆمسیۆن بۆ رۆژی دەنگدانی پەرلەمانی كوردستان تەواو دەبێت".

وتیشی: "لیستی ناوەكان بەرزدەكەینەوە بۆ ئەنجوومەنی كۆمسیاران بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدرێت".

سەبارەت بەوەی ئایا پارەی پێویست لەبەر دەستە بۆ ئەو پڕۆسەیە؟ بەڕێوەبەری دارایی كۆمسیۆن وتی: "هیچ كێشەیەك نییە و دوای وردبینی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیار لەسەر خەرجكردنی دەدرێت".

لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 42 هەزار كەس وەك كارمەندی گرێبەستی كاتی بوون بە كارمەندی كۆمسیۆن، بەپێی گرێبەستەكە بەڕێوەبەری بنكە و وێستگە 200 هەزار دینار وەردەگرن و ئەوانی تریش 150 هەزار دینار وەردەگرن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure