ئەمریکا لە 5ی مانگەوە ئەم کارانە بەرامبەر ئێران دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 03/11/2018‌ :: 926‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
هاوكات له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران كه‌ له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو 5ى تشرینى دووه‌م ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، جۆرێك له‌ دوودڵى و دڵه‌ڕاوكێ باڵى به‌سه‌ر ئێراندا كێشاوه‌. 

قۆناغى دووه‌مى سزاكان كه‌ ئه‌مریكا سه‌پاندویه‌تى به‌سه‌ر ئێراندا چه‌ند بوارێكى گرنگى ئابوورى  ئێران ده‌گرێته‌وه‌ و واشنتن ده‌یه‌وێت سه‌رچاوه‌ى دارایی و داهاتى گرنگى ئه‌و وڵاته‌ وشك بكات و تاران ناچار بكات واز له‌ پرۆگرمه‌ ئه‌تۆمى و بالیستیه‌كانى بهێنێت.

گرنگترین ئه‌و كه‌رته‌ ئابووریانه‌ى كه‌ قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئێران ده‌یگرێته‌وه‌، به‌نده‌ره‌كانى ئێران، كۆمپانیاى ده‌ریاوانى و گواستنه‌وه‌ى ده‌ریایی، هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كى دارایی په‌یوه‌ست به‌ پیشه‌سازیی نه‌وت، كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى ئێران و كۆمپانیاى بازرگانى نه‌وت و كۆمپانیاى نیشتمانى که‌شتیه‌كانى نه‌وتى ئێران ده‌گرێته‌وه‌، كه‌رتى دڵنیایی بانكىیش دەگرێتەوە.

هه‌روه‌ها سزاكان هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كى دارایی بیانى له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌ندى ئێران و هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كى دارایی دیکە كه‌ ناوى له‌ناو لیستى سزاكانى ئه‌مریكادا بێت ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنى هه‌موو ئاڵوگۆڕكردنێكى نامه‌ى ئه‌لیكترۆنى له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌ندى ئێرانیش دەگرێتەوە.

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ مانگى ئایارى رابردوو له‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى كشایه‌وه‌ قۆناغى یه‌كه‌مى سزاكانى به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند و رایگه‌یاند: كه‌ فرۆشتنى نه‌وت له‌ ئێران قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، ژماره‌یه‌ك وڵات و كۆمپانیاى نه‌وت كڕینى نه‌وتى ئێرانیان وه‌ستاند، دواهه‌مینیان كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى چین حكومى و پاڵاوگه‌ى "سینۆبیك"ى حكومى چین بوون، هه‌ندێك وڵاتیش داوایان كرد له‌ سزاكانى ئه‌مریكا ببه‌خشرێن.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاش رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو ئاشكراى كرد: کە رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو ناوى 8 وڵات ئاشكرا ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كاتى له‌ سزاى ئه‌مریكا ده‌به‌خشرێن و ده‌توانن نه‌وتى ئێران بكڕن.

به‌و پێیه‌ى داهاتى نه‌وت 70%ی داهاتى گشتى وڵات پێكده‌هێنێت، قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئه‌مریكا كاریگه‌رى له‌سەر ئابوورى ئێران ده‌بێت و رۆژ له‌دواى رۆژ رێژه‌ى هه‌ڵاوسان له‌و وڵاته‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌ و له‌دواى سه‌پاندنى سزاكانیشه‌وه‌ به‌هاى دراوى ئێرانیش به‌رامبه‌ر دۆلار دابه‌زینى گه‌ورەى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و پێشبینى دابه‌زینى زیاتریش ده‌كرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure