كاركردن لە بودجەی 2019ی هەرێم راگیرا

هەواڵ / ئابوری :: 03/11/2018‌ :: 358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
وەزارەتی دارایی بەشێوەیەكی رەسمی كاركردن لەئامادەكردنی بودجەی 2019ی هەرێمی كوردستان رادەگرێت و بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش روونكردنەوە دەدات.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، بەهۆی پەسەندكردنی بودجەی 2019ی عێراق و دیاریكردنی پشكی هەرێم لەو بودجەیە، وەزارەتی دارایی هەرێم بەرەسمی كاركردن بۆ ئامادەكاری بودجەی 2019ی هەرێمی كوردستانی راگرت.

بەیان محەمەد نوری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێم، هەواڵەكەی بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند: راگرتنەكە بەشێوەیەكی كاتییە و چاوەڕێی بودجەی 2019ی حكومەتی عێراق دەكەین بۆئەوەی بزانین ئایا پشكی هەرێم چۆن دەبێت؟ ئایا هەرێم بودجەی خۆی دەبێت یاخود چاوەڕێی پشكی هەرێم دەكرێت.

وتیشی: "وەستانەكە بەو مانایە نییە كە ئێمە جارێكی تر نەچینەوە سەری و كاری لەسەر نەكرێت".

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، وەزارەتی دارایی هەرێم لییژنەیەكی باڵای بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2019ی هەرێم پێكهێناوە و لیژنەكە لە 12 كەسی پسپۆڕ پێكدێت و تائێستا لەگەڵ زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەكانی هەرێم كۆبۆتەوە و تاووتوێی پشكی وەزارەتەكان لە بودجەی 2019ی هەرێم كراوە.

بەهۆی قەیرانی دارایی و نەناردنی پشكی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ماوەی پێنج ساڵە حكومەتی هەرێم بودجەی نەبووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure