وه‌زاره‌تى ناوخۆ داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى رۆژنامه‌نووسى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 141‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان داواده‌كات لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نووسان پێكبهێندرێت و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆش ده‌ڵێت: یاساى رۆژنامه‌نوسى پێویستی به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووه‌م، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانى كوردستان به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى کۆتاییهێنان به ده‌ربازبوون له‌ سزار كۆنفڕانسێكی تایبه‌تی ئه‌نجامدا.

ریاز سدیق، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌شداربووى كۆنفڕانسه‌كه‌ رایگه‌یاند: "به‌رده‌وام سه‌ردانى سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستانمان كردووه‌ بۆ زانینی كێشه‌ی رۆژنامه‌نوسان و هه‌ر داواكاریه‌كیان هه‌بووبێت جێبه‌جێ كراون، زۆرجاریش رۆژنامه‌نووس كاتێك كێشه‌یه‌كی هه‌بووه‌ كاتێك په‌یوه‌ندیمان پێوه‌كردوون، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌".

وتیشى: "ماوه‌ی 11 ساڵه‌ یاسای رۆژنامه‌نووسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌، ئه‌و یاساییه‌ پێویستی به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، داواشیكرد په‌رله‌مان له‌ خولی داهاتوودا یاساكه‌ هه‌مواربكاته‌وه‌".

هاوكات ئومێد موحسین، نوێنەری داواکاری گشتی ھەرێم رایگه‌یاند: پێویستە دادوەری تایبەت بە رۆژنامەنوسان ھەبێت، بۆ دەسپێک و تاقیکردنەوەش یەکەمجار لە ھەولێری پایتەخت دەستپێبکرێت.

وتیشى: "چونكه‌ هه‌بوونی دادوه‌رێكی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی رۆژنامه‌نووسان واده‌كات كێشه‌كان زووتر یه‌كلایی ببنه‌وه‌ و رێڕه‌وی پڕۆسه‌ی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نووسان به‌پێی یاسا ئه‌نجام بدرێت". 

هه‌ر له‌میانه‌ى كۆنفرانسه‌كه‌دا ئه‌نوەر حوسێن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌رگریكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان ئاشكرایكرد: له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ 15 رۆژنامه‌نوس له‌ هه‌ریمی كوردستان كوژراون و تاوه‌كو ئێستاش ھیچ کەسێک لەسەر پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان سزانەدراوە.

داواشیكرد: لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نووسان پێكبهێندرێت.

به‌پێی ئامارێكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان پێشێلكارییه‌كانی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌: له‌ سلێمانی 21 حاڵه‌ت، هه‌ولێر 13، دهۆك 5، شاره‌كانی تر 1 حاڵه‌ت و یه‌ك حاڵه‌تی مردنی رۆژنامه‌نووسیش هه‌بووه‌ و دوو حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن و داخستنی كه‌ناڵ تۆماركراوه‌. 

زیا بوترس، سەرۆکی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ رایگه‌یاند: كاری رۆژنامه‌گه‌ری به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ لە ھەموو سێكته‌ره‌كانی تر گرنگ تره‌، چونکە رۆژنامەنووس گرنگە بۆ خەڵک، رۆژانە هاوڵاتیان لەوانەوە ئاگاداری رووداوەکانی ژیان دەبن و بۆیان دەگوازرێتەوە.

وتیشی: "تائێستا چەند کەس لە پێشێلکاران فه‌رمانى گرتنیان بۆ دەرچووە، بەڵام دەستگیرنەکراون و ده‌زگا ئه‌منی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت كه‌مته‌رخه‌من له‌و رووه‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure