نه‌وه‌ى نوێ له‌ بایكۆتكردنى په‌رله‌مانى كوردستان پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 31/10/2018‌ :: 513‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ نوێترین بڕیاریدا ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وه‌ى نوێ رایده‌گه‌یه‌نێت: فراكسیۆنه‌كه‌یان به‌شدارى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 31ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ کۆبوونەوەیه‌كى ئه‌نجامدا و به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێكى كۆبونه‌وه‌كه‌ تەوەری سەرەکی تایبه‌ت بووه‌ به‌ دواهەڵوێستی نەوەی نوێ سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان و شێوازی خەباتی پارلەمانی جوڵانەوەکە، هەروەها دیدی نەوەی نوێ سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و گفتوگۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق و هەڵوێستی نەوەی نوێ.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئەنجومەنی باڵا بریاریدا کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەشداربێت.

پێشتر ئه‌و هێزه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌شدارى په‌رله‌مانى كوردستان ناكات و بڕیارى بایكۆتی دا.

ده‌رباره‌ى به‌شداریش له‌ حكومه‌تى ئاینده‌ى هه‌رێم نه‌وه‌ى نوێ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ وه‌ك هێزێكى ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌شدارى حكومه‌ت ناكه‌ن.

له‌ كۆتایشدا ئاماژه‌یداوه‌: هاوتەریب لەگەڵ خەباتی ئۆپۆزسیۆن بوون لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەرلەمانی بەغداد فراکسیۆنی نەوەی نوێ وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک دەمێنێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure