چین چه‌كێکی نوێی بازرگانى لە دژی ئه‌مریكا به‌كارده‌هێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 31/10/2018‌ :: 221‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
گه‌شتى سه‌رمایه‌داران و خوێندكاران و گه‌شتیارانى چین بۆ ئه‌مریكا، هه‌رچه‌نده‌ به‌ بریارى حكومه‌ت نییه‌، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كى روون و ئاشكرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جه‌نگى بازرگانى نێوان و په‌كین و واشنتن، به‌ره‌و جه‌نگێكى بازرگانى نوێ مل ده‌نێت و چین چه‌كێكى كاریگه‌ر و كوشنده‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا به‌كارده‌هێنێت، زیانى ئه‌و جه‌نگه‌ش ساڵانه‌ به‌ 60 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.


به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ژماره‌ی هاووڵاتیانى چین كه‌ داواى فیزای كار یان گه‌شتیاریان كردوه‌ له‌نێوان مانگى ئایار بۆ ئه‌یلول، به‌به‌راورد به‌هه‌مان ماوه‌ى ساڵى رابردوو به‌رێژه‌ى 13% (102 هه‌زار) كه‌میكردوه‌.

له‌ هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى مانگى تشرینى یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، كه‌ ساڵیادى دامه‌زراندنى كۆمارى چینى میللییه‌، حیجزى كۆمپانیاكانى فڕۆكه‌وانى چین به‌رێژه‌ى 42% كه‌میكردوه‌، بەپێی كۆمپانیاى "سكاى سكانر"، پێشتر هه‌میشه‌ حیجیكردن له‌ ماوه‌ى نێوان 1-7ى تشرینى یه‌كه‌م زۆرتر بووه‌ .

له‌كاتێكدا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "ته‌رازوى بازرگانى به‌لاى په‌كیندا لاسه‌نگه‌، به‌ڵام كه‌رتى خزمه‌تگوزاریى ئه‌مریكا قازانجێكى زۆرى كردوه‌، ئه‌گه‌ر چین بكشێته‌وه‌ گورزێكى كوشنده‌ به‌ر ئابوورى ئه‌مریكا ده‌كه‌وێت، به‌پێى ئاماره‌كان له‌ ساڵى 2011 كه‌رتى خزمه‌تگوزاریى له‌گه‌ڵ چین سێ هێنده‌ زیاتر له‌ كه‌رتى كاڵاوشمه‌ك زیادیكردوه‌".

ئه‌گه‌ر چین كارتى گه‌شتوگوزاریى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌كاربهێنێت، كۆمپانیانى گه‌شتوگوزارى ئه‌مریكا له‌ باشترین كڕیارانى بێبه‌ش ده‌بن، به‌وپێیه‌ى هه‌ر هاوڵاتییه‌كى چین له‌ گه‌شتیدا بۆ ئه‌مریكا به‌تێكڕایی 6900 دۆلار له‌ هه‌ر گه‌شتێكدا خه‌رج ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها زانكۆكانى ئه‌مریكاش زیانى زۆریان به‌رده‌كه‌وێت، به‌وپێیه‌ى كه‌ خوێنكارێكى زۆرى چین له‌زانكۆكانى ئه‌مریكا ده‌خوێنن، ته‌نیا له‌ ساڵى رابردوو 350 هه‌زار خوێندكارى چین له‌ زانكۆكانى ئه‌مریكا وه‌رگیراون كه‌ دوو هێنده‌ى خوێندكارانى هیندستانن.

به‌بۆچوونى پسپۆرانى ئابوورى، له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونى جه‌نگى بازرگانى نێوان واشنتن و په‌كین، پێشبینى ده‌كرێت ئه‌و جه‌نگه‌، جگه‌ له‌ كاڵاوشمه‌ك كه‌رتى ئابوورى دیكه‌ش بگرێته‌وه‌.  

جوى دانگ ما، توێژه‌ر له‌ (په‌یمانگاى بولسون) له‌ شیكاگۆ ده‌ڵێت: " كاریگه‌ى ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ كه‌رتێك بۆ كه‌رتێكى دیكه‌ جیاوازه‌، كاتێك خواست له‌سه‌ر كاڵاشمه‌ك كه‌مده‌بێته‌وه‌، كاریگه‌رییه‌كه‌ كتوپڕ و راسته‌وخۆ نابینن، ته‌نیا ژماره‌كان ده‌رده‌كه‌ون".

گه‌شتیارنى چین كاریگه‌رى و رۆڵى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ بوژانه‌وەى كه‌رتى خزمه‌تگوزارى ئه‌مریكا، ساڵى رابردوو ئه‌و كه‌رته‌ 32 ملیار دۆلار قازانجى له‌ گه‌شتیارانى چین ده‌ستكه‌وتووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure