ئیسلامییه‌كان و خه‌ونی هه‌ستانه‌وه‌

هەواڵ / چاوی تۆ :: 31/10/2018‌ :: 272‌ جار بینراوە

هێدی هه‌ولێری 
قسه‌كردن له‌باره‌ی خیتابی سیاسی ئه‌مڕۆی هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامیه‌كان به‌گشتی، نامانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجامێكی باش و كۆمه‌ڵێك لق و ده‌رهاوێشته‌ی دیكه‌ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پاڵه‌په‌ستۆ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی و مادییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، هاوكات ده‌ره‌نجامێكی تاڵیشی هه‌یه‌ كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی خودی قوفڵه‌ گه‌وره‌كه‌ بكرێت. 


گوزه‌رانی ئیسلامیه‌كان و ناوماڵی ڕه‌وتی ئیسلامیی له‌ كوردستان به‌ره‌و شێواوی ده‌ڕۆیشت له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام ئێستا بزووتنه‌وه‌ و یه‌كگرتوو وه‌ك هاوپه‌یمانی له‌لایه‌ك و كۆمه‌ڵیش له‌لایه‌كی دیكه‌ (ئه‌گه‌رچی كورسیه‌كی زیاد كرد، به‌ڵام خۆی ته‌نیا ڕه‌وتی ئیسلامی پێكناهێنێ، به‌ڵام هه‌رسێ لایه‌نی ئیسلامیی به‌یه‌كه‌وه‌ پێیان ده‌وترێت ڕه‌وت)، له‌ڕاستیشدا شكست به‌ر كۆمه‌ڵی ئیسلامیش كه‌وتووه‌ وه‌ك هێزێكی ئیسلامی كه‌ هه‌م دیسان گۆڕانكاريی له‌خودی خۆی و به‌رنامه‌سازيی بۆ ئاینده‌ جه‌وهه‌ری كاری ئیسلامی بێت له‌ دیدی هه‌رسێ لایه‌ندا.

ئێستا تاڕاده‌یه‌ك دوای شكسته‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 30 ئه‌یلولی ئه‌مساڵ دركیان به‌م شكست و كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگی جه‌ماوه‌ری كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ به‌س نیه،‌ به‌ڵكو عه‌قڵه‌ گه‌وره‌كان، یان بگۆڕێن یانیش ئه‌و سیاسه‌ته‌ خۆشباوه‌ڕییه‌ی پیاده‌یان ده‌كرد پێداچوونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌سڵی كێشه ‌و ده‌ركه‌وتنی قه‌یران له‌وێوه‌ چه‌خماخه‌ی جه‌وهه‌ری پڕۆژه‌كه‌ هه‌ڵچنرێت و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌كان بخوێنرێنه‌وه.

زۆر جار باس له ‌ئه‌زموونی نیوه‌ ئیسلامیی و نیوه‌ عه‌لمانی.....یان ئه‌زموونی نیشتمانی و وه‌لانانی ڕه‌وته‌ په‌روه‌رده‌یی و بانگخوازیه‌كه‌ و چه‌ندین پێشنیاريی دیكه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، تائێستاش ئه‌وانه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا تاقیكراونه‌ته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كاری ئێسلامی له‌كاتێكدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كاری په‌روه‌رده‌یی و بانگه‌وازی و سیاسه‌ت وه‌ك سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی و به‌یه‌وه‌كه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی حه‌كیمانه‌ بكرێت و له‌جۆری چه‌مكه‌كان تێكه‌ڵ نه‌كرێن، ئه‌گینا خودی ئیسلامه‌تیه‌كه‌مان كافیه‌ بۆ دروستكردنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نوێی ئینسانی!

سیفه‌تی ئه‌خلاق له‌كاری سیاسی ئیسلامیدا گرنگيی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و به‌نده‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنی تاكی حزبی و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌م ڕه‌وت و هه‌م كاری سیاسیش ده‌توانێت كاری له‌سه‌ر بكات و كاروانی ڕابوونی ئیسلامی به ‌ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ره‌و پێشده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوون نیه‌ جۆری بیركردنه‌وه‌ بۆ دۆخی سیاسی له‌لایه‌ن كارێزماكانی ناو ڕه‌وتی ئیسلامی هه‌ڵه‌بوو، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و شێوازی ده‌نگدان و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری و بانگه‌شه‌یه‌كی كلاسیكی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌واقیعی پڕۆژه‌ گرینگه‌كه‌، كه‌ سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندی و لاوازيی گوتاری سیاسی و خۆ خه‌ریككردن به‌ پڕۆژه‌یه‌كی نائیسلامیی و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ تواوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی كوردیی له‌ڕابردوودا، بانگه‌شه‌كارانی پارتی و یه‌كێتیش باوه‌ڕیان پێی نیه‌ و شكستیانهێناوه‌، له‌كاتێكدا چۆن ئیسلامیه‌ك قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات و ده‌یه‌وێ هه‌ڵه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ به‌ناو نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ بكاته‌ جه‌وهه‌ری كارو تاك و نه‌یتوانی تاكی موسڵمانی بێزار له‌ سیاسه‌ت و تێڕوانینی پارتی و یه‌كێتی باوه‌ڕ به‌ پڕۆژه‌ نیشتمانیه‌كه‌ بهێنن، كه‌ تابڵێی قێزه‌ونه ‌و كه‌س ناتوانێت بیكاته‌ به‌دیل.

كه‌واته‌: ده‌بێ بزانین موسڵمان و تاكی خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واری كورد چتر ئه‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌یه‌ی قبووڵ نیه‌ و هه‌ڵوێستی بوێرو سه‌رڕاستانه‌ی ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بداته‌وه‌ به‌ مةشروعێكی ئیسلامیی ڕه‌سه‌ن، ئه‌و مه‌شروعه‌ش خۆی له‌ڕاگه‌یاندنێكی ڕاستگۆ و سیاسه‌تێكی حه‌كیم و ئازا و ڕه‌شید و بانگه‌وازێكی دروست و بێ پێچوپه‌نا بۆ كاری ئیسلامی به‌بێ زیادكردن و قڕتاندن، دوور له‌ شه‌رعاندن و ته‌ئویلی هه‌ڵه ‌و بیانووهێنانه‌وه‌ به‌ناوی شه‌رعه‌وه‌ بۆ شكستی سیاسیی و ناكارایی ڕێكخستن و....هتر. وه‌ك چۆن باس له‌ حكومى ڕه‌شید ده‌كرا، لێره‌شه‌وه‌ پێویست به‌ حكومی ڕه‌شید ده‌كرێـت بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و ئه‌و شكسته‌ نه‌خوازراوه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئیسلامیه‌كان بوویته‌وه.

له‌دیدی هاووڵاتی كورد زۆر خراپ له‌سیاسه‌ت و ستراتیژ و به‌رنامه‌ی حزبيی گه‌یشتووه‌، تاكی كوردیش زوو ده‌گۆڕێت و ئامانجی دیوی دواوه‌ی ڕووداوه‌ سیاسیه‌كان و فێڵی هێزه‌ عه‌لمانیه‌كانی له‌پێش چاو نیه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌بینێت كاتێك حزب هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كات هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه ‌و سه‌یری ڕابردووی ناكات به‌ڵكو له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا شه‌تع به‌ناوه‌كه‌ی ده‌هێنێت و كۆتایی به‌و حزبه‌ ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا وانیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی ئیسلامی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆر ترسناك بووه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ئه‌و كارتێكردنه‌ له‌ناوه‌وة و ده‌ره‌وه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت.

گرنگه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رسێ لایه‌نی ئیسلامیی ببێته‌ وانه‌یه‌ك و ئه‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژی و بێ به‌رنامه‌یه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی هه‌بوو، ئێستا بیكاته‌ پلیكانه‌یه‌ك و به‌سه‌ریدا سه‌ربكه‌وێت و به‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش تێپه‌ڕێنێت كه‌ زه‌مه‌ن به‌جێی هێشتووه‌.

لێره‌وه‌ پێویسته‌ زه‌نگێكی ترسناك بۆ ئیسلامیه‌كان لێبدرێت ئاوڕێك له‌ڕابردوو بدرێته‌وه‌ و ڕووه‌و هه‌ستانه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبگرن و هه‌ستانه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌رخۆیی، چونكه‌ زۆرجار بڕیاری هه‌ستانه‌وه‌ دراوه‌ پشتی ئازارێكی زۆر ده‌چێژێت، هه‌ستانه‌وه‌ له‌خه‌ونێكه‌وه‌ ببێته‌ ئه‌مری واقیع و هێزی پڕۆژه‌یه‌كی خۆماڵی و دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌ملاوئه‌ولاو هێزی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تى. 

هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ئه‌و دید و بۆچوونه‌ جیاوازانه‌ی ناو ڕه‌وتی ئیسلامیی و بانگخوازان و مامۆستایانی ئاینی و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ئاشت بكاته‌وه‌ و ئه‌و زه‌مه‌نه‌ تێپه‌ڕێنێت كه‌ هیوای به‌ئامانجێكی ناڕوون هه‌بوو، به‌ڵكو گرنگه‌ پێش هه‌موو شتێك ئامانجه‌كه‌ ڕوون بێت ئه‌وكات كاری ئیسلامیی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنێكی مسۆگه‌ر ده‌چێت و پڕۆژه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ پێگه‌ی خۆی به‌هێز ده‌كات و قۆناغێكی تازه‌ ده‌ست پێده‌كات و بناغه‌یه‌كی پته‌وی له‌سه‌ر بونیات ده‌نرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure