سلێمانی: ئەمڕۆ 43 ملیۆن دۆلارەکەی بەڵێندەران دابەشده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 31/10/2018‌ :: 1959‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

لەسەر وەرگرتنی پارەی بەڵێندەران، کە لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری خه‌رجكردنى دراوە، لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران داوایەک ئاراستەی بەڵێندەران دەکات.

میران کامل، وتەبێژی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران بە دواڕۆژی وت" پاش هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر توانرا ١٠٠ ملیون دۆلار بۆ بەڵێندەرانی کوردستان و لەو بڕەش ٤٣ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەرانی سلیمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین تەرخانكراوه‌، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی بڕیارە لە ئه‌مڕۆ چوارشەمەوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت".

وتیشی: "ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بووە کە بەڵێندەرانی ماندوو و شکەتى قەیرانی دارایی، سود لەم بڕیارە وەرگرن، بەڵێندەرانیش بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیان و پاراستنی شکۆی مەعنەویان چەکەکانیان بە کەمتر لە نیوەی نرخی خۆی فرۆشته‌وە".

وتیشى: "داوامان کردوە ئەو بەڵندەرانە قەرەبوو بکرێنەوەو بنچینەی بریارەکەش هەر بۆ ئەو مەبەستەیە".

 وته‌بێژه‌كه‌ى لقى سلێمانى یه‌كێتى به‌ڵینده‌ران داواشیکرد "بەڵێندەران لە ئه‌مڕۆ چوارشەمەوە سەردانی بانکەکان بکەن و تمویلەکانی نێوان (٢٠/٨/٢٠١٤ تا ٣٠/٧/٢٠١٨ ) لەگەڵ خۆیان ببه‌ن، ئەو تەمویلانەی کە پارەی نەقدی لەسەر وەرنەگیراوە وێنەیەک لەو تمویلانە بگەیەننە لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران تا رێکخراو و ئامادەبین و بزانین چەند پارە خەرج ئەکرێت و چەند ئەمێنێتەوە! تا دووبارە خەرجبکرێتەوە و چۆن بتوانین لەمافی رەواتان داکۆکی بکەین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure