لەبارەی روودانی کودەتا لەسعودیە هۆشداریدەدرێت

هەواڵ / جیهان :: 30/10/2018‌ :: 1403‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئەمڕۆ 30ی تشرینی یەکەمی 2018 خالد بن فەرحان ئال سعود، شازادەی جیابوەوە لە سعودیە رایگەیاند: کە بەمنزیکانە کودەتایەک لەناو خێزانی شاهانەدا روودەدات و محەمەد بن سەلمانی جێنشین لە پۆستەکەی لادەدرێت.


وتیشی: "خێزانی دەسەڵاتدار دژی ئەو رێڕەوەن کە محەمەد بن سەلمان گرتویەتیەبەر و دوور نییە کودەتا لەدژی رووبدات".

ئەم شازادە سعودییە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و بە کەناڵی فرانس 24ی وتووە: "بەدڵنیاییەوە محەمەد بن سەلمان بڕیاری کوشتنی خاشقچی دەرکردووە".

ئەوەشی وت: "بڕیاری کەمتر کاریگەر لە کوشتنی خاشقچی بە فەرمانی شا و جێنشینەکەی ئەنجامدەدرێت، بۆیە بێگومان کوشتنی خاشقچی-ش بە فەرمانی محەمەد بن سەلمان بووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: محەمەد بن سەلمان لەوانەیە نیەتی کوشتنی خاشقچی بە باوکی وتبێت لەکاتێکدا ئەگەر خاشقچی رازی نەبوو بە هاتنەوە بۆ سعودیە، بەڵام چونکە شای سعودیە باری تەندروستی باش نییە، ناتوانێت بیربکاتەوە و بڕیار بدات.

باسی لەوەشکرد: محەمەد بن سەلمان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خاشقچیدا کردوە کە لەناو کونسڵخانەکەدا بووە و هەوڵیداوە رازیبکات بە گەڕانەوە بۆ سعودیە لەگەڵ ئەو تیمەی کە دواتر کوشتویانە.

ئەوەشی دوپاتکردەوە: کە محەمەد بن سەلمان خۆی فەرمانیداوە بە کوشتنی خاشقچی و پارچە پارچەکردنی.

هێمای بۆ ئەوەشکرد: هۆکاری کوشتنی خاشقچی لەلایەن محەمەد بن سەلمان-ەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاشقچی نیەتی بووە بیرەوەرییەکانی بنوسێتەوە کە نهێنی زۆری لەبارەی خێزانی دەسەڵاتداری سعودیە تێدایە، چونکە خاشقچی ساڵانێکی زۆر لەگەڵ دەزگای سیخوڕی گشتی شازادە تورکی فەیسەڵدا کاری کردوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure