لەسەر "بەعسی بوونی" بەرپرسێکی پارتی زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

هەواڵ / کوردستان :: 29/10/2018‌ :: 2280‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، دهۆك
په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پەرلەمانی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌نگین رێكانی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق كۆنه‌ به‌عسی بووبێت.

له‌ دهۆك، 61 چالاكوان و رۆژنامه‌نووس له‌ دژی به‌نگین عه‌بدوڵا رێكانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق سكاڵایان له‌ (ده‌سته‌ی نیشتمانی بۆ لێپرسینه‌وه‌ و دادوەری) تۆماركردووه‌.

له‌به‌شێكی ئه‌و سكاڵایه‌دا هاتووه‌ "به‌نگین عه‌بدوڵا رێكانی، په‌یوه‌ندی سیاسی و بازرگانی به‌هێزی له‌گه‌ڵ عوده‌ی سه‌دام حسێن هه‌بووه‌، زاوای (تارق كافی فلیح)ـه‌ كه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می حزبی به‌عس بووە له‌شاری دهۆك و به‌هاوكاری به‌نگین رێكانی خه‌ڵكی شارەکە زۆر ئازار دراوه‌".

لەبارەی ئه‌م سكاڵایانەوە‌ دكتۆر ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن به‌نگین رێكانی كۆنه‌ به‌عسی بووه‌، ته‌نیا دەنگۆیە و تازه‌ ئه‌و زانیارییانه‌مان بیستووە".

له‌سه‌ر هه‌مان پرس خامۆش عومه‌ر، راوێژكاری په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ دواڕۆژ وتی: "به‌گوێره‌ی یاسایی لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ری له‌عێراق هه‌ر كه‌سێك پله‌ی حزبی لەناو به‌عسدا هه‌بووبێت، نابێت به‌رپرسیارێتی له‌ عێراق وه‌ربگرێت یان ببێته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق".

چیایی بێلیزانی یه‌كێك له‌و رۆژنامه‌نووسانەی سكاڵاکەی دژی به‌نگین رێكانی جوڵاندووە، بۆ دواڕۆژ وتی: "به‌نگین رێكانی به‌رپرسی یه‌كێتی قوتابیانی به‌عس بووە له‌ دهۆك، بۆیه‌‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان دژی ئەو ئەندامەی پارتی له‌ به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بێت". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure