دادگا واده‌ی راگه‌یاندنى ئەنجامی تانەی لایەنەکان ئاشكرا ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 28/10/2018‌ :: 439‌ جار بینراوە

دوارۆژ، کۆچەر عەلی 
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایدەکەیەنێت: دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تانەی لایەنەکانی تەواو کردووەو ئەگەری هەیە سبەی دووشەممە وردەکارییەکەی ئاشکرا بکات.


شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ پەیوەندیان بە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کردووەو پێیانوتووە هەموو هەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی ئەنجامی تانەکان تەواو ببێت، سبەی دووشه‌ممه‌ بڕیاری کۆتاییش لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ده‌دەن و ئەنجامی تانەی لایەنەکانیش یەکلایی دەکەنەوه‌و دواتر ئاڕاستەی کۆمسیۆنی دەکەنەوە.

وتەبێژی کۆمسیۆن وتیشی: "بڕیاری کۆتایی لای ئەوانە و دوای ئەوەش لیستی ناوی کاندیدانی دەرچووەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەوەی یەکەمین دانشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت".

لای خۆشییەوە ئارام نەجمەدین، بەرێوەبەری کۆمسیۆنی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی ئەو تانانەی لە لایەن حزبەکانەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراوە، کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن نابێت، بۆیە هەرکاتێک دادگا ئەنجامەکان یەکلایی بکاتەوە، پەسەند دەکرێت. 

رۆژی ٣٠ی ئەیلولی٢٠١٨، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و شەوی ٢٠ی تشرینی یەکەمیش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ئەنجامی كۆتایى هەڵبژاردنی راگەیاند.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure