كونسوڵى ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/10/2018‌ :: 321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
كونسوڵى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌ و له‌ وته‌یه‌كیشدا دڵنیایى ده‌داته‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌ كه‌ پشتوانیان ده‌بن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژیانێكى شایسته‌.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 ستیف فه‌یگن، كونسوڵى گشتى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ى كرد و هه‌ریه‌ك له‌ مۆنۆمێنت و مه‌زارى شه‌هیدانى به‌سه‌ركرده‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شیشیدا له‌گه‌ڵ ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌، فه‌یگن رایگه‌یاند: ئامانجم بوو له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڵگانه‌ ببینم كه‌ له‌ كاتى تاوانى كیمیاباراندا تۆماركراون، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ بینیمان ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌ له‌لایه‌ن رژێمى له‌ناوچووى به‌عسه‌وه‌ تاوانى دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هاوڵاتیانى هه‌ڵه‌بجه‌ دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هاوكار و پاڵپشت ده‌بین له‌ دروستكردنى ژیانێكى شایسته‌ بۆ هاوڵاتیانى سنوره‌كه‌ به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه‌.

كونسوڵى گشتى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێم ئه‌وه‌شى وت: هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌ست به‌ ئێش و ئازاره‌كانى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتیانه‌ و رێز له‌و قوربانیانه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌كاتى كیمیاباراندا شه‌هید یان برینداربوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure