ئێران نرخی تمه‌ن جێگیرده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 27/10/2018‌ :: 2579‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاره‌زوو محه‌مه‌د
هاوكات له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، به‌هاى دۆلار به‌رامبه‌ر تمه‌ن جێگیر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش دواى ده‌ستوه‌ردانى بانكى ناوه‌ندى ئێران له‌ بازاڕه‌كانى دراو، به‌مه‌به‌ستى پاڵپشتیكردنى دراوى ئێران و سه‌قامگیركردنى نرخه‌كه‌ى.


به‌شی ئابووری ماڵپه‌ری مه‌شرقی ئێرانی له‌ ڕاپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌: دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئابووری و به‌رپرسانى سێ ده‌سه‌ڵاته‌کەى ئێران، رێگه‌یان به‌ بانكى ناوه‌ندیدا ده‌ستوه‌ربداتە بازاڕی دراو بۆ پاڵپشتیكردنى به‌هاى تمه‌ن، به‌وه‌ش دابه‌زینی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر تمه‌ن ده‌ستیپێكرد و نرخه‌كه‌شی جێگیر بوو.

راپۆرته‌كه‌ رونیكردوه‌ته‌وه‌: دواى ئه‌وه‌ى بانكى ناوه‌ندى چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركرد، به‌هاى دۆلار رووى له‌ دابه‌زین كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ دۆلاریان هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ى زیانى زیاتر نه‌كه‌ن، دۆلاره‌كانیان هێنایه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش  بووه‌هۆی خستنه‌بازاڕى زیاترى دۆلار و دابه‌زینى به‌هاكه‌ى و جێگیربوونی نرخه‌كه‌ى.

پێش رێگه‌دان به‌بانكى ناوه‌ندی ئێران، نرخی كڕین و فرۆشتنی دۆلار تا 19 هه‌زار تمه‌ن به‌رزبووه‌وە، به‌ڵام دواى چه‌ند بڕیارێكى بانكی ناوه‌ندى، به‌هاى تمه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار رووى له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد و نرخی دۆلار له‌ بازاڕه‌كاندا له‌ نێوان 11 بۆ 13 هه‌زار تمه‌ن جێگیر بوو.

ئه‌م جێگیربوونه‌ى به‌هاى تمه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار، له‌كاتێكدایە هەفتەیەکی ماوە قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران بسەپێنرێت كه‌ بڕیاره‌ رۆژى 4 ى تشرینى دووه‌م بكه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنەوە و كه‌رتى نه‌وت و غازى ئه‌و وڵاته‌ بگرێته‌وه‌. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە