لوتكه‌ى چوارقۆڵى ده‌رباره‌ى سوریا له‌ ئیستانبوڵ کۆتاییهات

هەواڵ / جیهان :: 27/10/2018‌ :: 239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
لوتكه‌ى چوارقۆڵى بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى سوریا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ى تشرینى یه‌كه‌م، به‌به‌شدارى فلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى  روسیا، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فره‌نسا، ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكارى ئه‌ڵمانیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى توركیا کە له‌ كۆشكى "وەحید ئەلدین"ى مێژوویی له‌ ئیستانبوڵ به‌ڕێوه‌چوو، كۆتایی هات.


له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌ كۆنگرەیه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شدا، سه‌ره‌تا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى  توركیا رایگه‌یاند: "سه‌رانى لوتكه‌ى چوارقۆڵى جه‌ختیان كردەوه‌ له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكى سوریا و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌رى سیاسى و رێككه‌وتنى ئیدلب".

ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "رێككه‌وتین گفتوگۆ و دانوستانه‌كان بۆ چاره‌سه‌رى سیاسى له‌سوریا به‌رده‌وامبێت، هه‌موان كۆكبووین له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكى سوریا  و چاره‌سه‌رى سیاسى".

سه‌رۆكى توركیا راشیكه‌یاند: "ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كه‌مان به‌ ئێران ده‌گه‌یه‌نین و له‌ كۆبووه‌كانى ئاینده‌شدا به‌شدار ده‌بێت".

هاوكات له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا فلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى روسیا رایگه‌یاند: "كۆبوونه‌وەكه‌ له‌ كه‌شێكى ئەرێنیدا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌موولایه‌ك ره‌زامه‌ندبوون كه‌ كاربكرێت بۆ چاره‌سه‌رى سیاسى  و پاراستنى یه‌كپارچه‌یی خاكى سوریا".

پوتین وتیشى: "خۆشحاڵین به‌به‌شدارى فره‌نسا له‌ دانوستانه‌كاندا و پڕۆسه‌ى ناوچه‌ى داماڵدراو له‌چه‌كیش له‌ ئیدلب ده‌خه‌ینە بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

 

ئەوەشی وت: "پێویسته‌ رێز له‌ سەروەری خاكى سوریا بگیرێت و پێویستیشه‌ كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كان  زیاتر بكرێن و ژێرخانى ئابوورى ئه‌و وڵاته‌ بگرێته‌وه‌".

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كەدا، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فره‌نساش وتى: "گرنگه‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى نێوان لایه‌نه‌كان زیاتر بێت و بێ چاره‌سه‌رى سیاسیش ئاواره‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان".

ماكرۆن جه‌ختیكرده‌وه‌: "چاره‌سه‌ری سه‌ربازى گونجاو نیه‌، به‌ڵام ده‌بێت گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان قه‌ڵاچۆبكرین".

سه‌رۆكى فره‌نسا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: كه‌ پێویسته‌ گروپى ئه‌ستانە و ئه‌مریكا و لایه‌نه‌كانى دیكه‌، هه‌ماهه‌نگییان زیاتر بكه‌ن و ئه‌و هێرشانه‌ش كه‌ رژێمى سوریا ئه‌نجامى ده‌دات مایه‌ى قبوڵ نیه‌.

ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكارى ئه‌ڵمانیاش له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا وتى: "پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى ده‌ستورى زۆر گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌رى سیاسى و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure