ئایا تا ئێستا پەڵەی داوە؟کەشناسی روونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 27/10/2018‌ :: 4632‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
سه‌ره‌ڕاى بارانبارینى چه‌ند رۆژى رابردوو ده‌وترێت هێشتا په‌ڵه‌ى نه‌داوه‌ و كه‌شناسی هه‌رێمیش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ زانستی كه‌شناسیدا هیچ رێژه‌یه‌كی بارانبارین به‌ناوی په‌ڵه‌دانه‌وه‌ (پەڵە کەوتن) تۆمارنه‌كراوه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا قسه‌ی جوتیارانه‌. 


له‌ دوو رۆژى رابردوودا شه‌پۆلێكى به‌هێزى بارانبارین شار و ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ بارانى سه‌ره‌تاى وه‌رزى پایزیشدا په‌ڵه‌كه‌وتن (په‌ڵه‌دان) له‌نێو جوتیاراندا ده‌بێتە پرسێكى گه‌رم، كه‌ بۆ چاندنى گه‌نم و جۆ پێویسته‌.

ئه‌حمه‌د مه‌نتك، (ته‌مه‌ن 73 ساڵ) كه‌ جوتیارێكی ده‌شتی كه‌ندیناوه‌ی هه‌ولێره‌ و زیاتر له‌ 50 ساڵه‌ كاری كشتوكاڵی ده‌كات به‌ دواڕۆژی وت: ساڵانى زوو كاتێك باران ده‌باری جوتیاران چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان ده‌كرد په‌ڵه‌ بكه‌وێت تاوه‌كو ده‌ستبكه‌ن به‌ چاندنی گه‌نم و جۆ و دڵنیاش ببنه‌وه‌ له‌وه‌ی وشكه‌ساڵی نه‌ماوه‌. 

ئه‌و جوتیاره‌ له‌باره‌ی په‌ڵه‌كه‌وتنى ئه‌مساڵه‌وه‌ وتی: "پێشتر گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ستپێكردنی بارانبارین 24 كاتژمێر به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ باران بباریبایه‌ جوتیاران ده‌یانگوت په‌ڵه‌ كه‌وتووه‌ و له‌كاتی گۆڕهه‌ڵكه‌ندنیش كاتێك كه‌سێك ده‌مرد گه‌ر تا كۆتایی گۆڕ هه‌ڵكه‌ندنه‌كه‌ نه‌گه‌یشتبایه‌  به‌ خۆڵی وشك ده‌یان گوت په‌ڵه‌ كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ ده‌شتی كه‌ندیناوه‌ تاوه‌كو ئێستا په‌ڵه‌ نه‌كه‌وتووه‌".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی دواین راگه‌یه‌ندراوی كه‌شناسی هه‌رێم له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی وه‌رزی بارانبارینه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ رێژه‌ی بارانبارین له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مجۆره‌یه‌: (هه‌ولێر 42 ملم، سلێمانی 52 ملم، دهۆك 25 مل، هه‌ڵه‌بجه‌ 37 ملم و پارێزگای كه‌ركوكیش 21 ملم).  
 
بژار ئه‌كره‌م، به‌رپرسی به‌شی پێشبینی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ زانستی كه‌شناسیدا هیچ شتێك نییه‌ پێی بگوترێت كه‌وتنی په‌ڵه‌. 

به‌رپرسه‌كه‌ى كه‌شناسى ئه‌وه‌شى وت: "له‌ زانستی كه‌شناسیدا گه‌ر رێژه‌ی بارانبارین گه‌یشته‌ 300 ملم ئه‌وكاته‌ ده‌كرێت بگوترێت سه‌ره‌تای تێر ئاو بوونی زه‌وییه و تا زیاتر ببارێت كێشه‌ی وشكه‌ساڵی نامێنێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە