لافاو ژێرخانی ئابوری زۆرێک لەگوندەکانی پشدەری لەناوبردوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 28/10/2018‌ :: 837‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
بەدرێژایی رۆژی هەینی چەندین لافاوی بەهێز گوندەکانی بناری قەندیلی لەسنوری قەزای پشدەر و قەزای ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین گرتەوە کە زیاتر لە 15ماڵ و 10 پردی سەرەکی، دەیان ڕێگەوبان و سەدان دۆنم باخ و ڕەزیان وێرانكرد، لەئێستادا ڕێگەی هاتوچۆی چەندین گوند پەکی کەوتووە و تۆڕی ئاو و کارەبای دەیان گوندیش پچڕاوە.


زیانی دەیان ملیار دیناری لێکەوتۆتەوە
محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە دواڕۆژی وت: "لە رۆژی هەینیدا لافاوێکی بەهێز بناری قەندیلی گرتەوە، لە دۆڵەکانی سورەدێ، ناودەشت و دۆڵی باڵێیان زیانێکی زۆری  ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە کە زیانەکانی بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت".

باسی لەوەشکرد: دەیان ماڵی هاووڵاتیان و چەندین ئۆتۆمبێل و سەدان دۆنم ڕەز و باخی کشتوکاڵی وچەندین خوێندگە و مزگەوت و پرد و ڕێگە و بان و پڕۆژەی بەخێوکردنی هەنگ بەتەواوی وێران بوون و تا ئێستاش ڕێگەی هاتوچۆی دەیان گوندی سنورەکە پەکی کەوتووە و سەدان خوێندکار ناتوانن بگەنە خوێندنگەکانیان .
 
ژێرخانی ئابوری دەیان گوند بە تەواوی وێران بووە
بەکر بایز قایمقامی قەزای پشدەر بە دواڕۆژی راگەیاند: لافاوەکەی 24 کاتژمێری ڕابردوو گەورەترین زیانی بە ژێرخانی ئابوری کەرتی کشتوکاڵی گوندەکانی پشدەر گەیاندووە و ڕەنجی دەیان ساڵی سەدان جوتیاری چەندین گوندی بە تەواوی لەناوبردووە کە لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نەبووە، ئەمە جگە لەوەی تۆڕی ئاو و کارەبای ئەو گوندانە بە تەواوی وێران بوون .

بەکر بایز ڕونیشیکردەوە: لافاوەکە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و بەخێوکردنی پڕۆژەی ماسی سەلەمۆنی لە سنوری ناحیەی سەنگەسەر بەتەواوی لەناو بردووە، کە ماسی سەلەمۆنی هەناردەی سەرجەم بازاڕەکانی هەرێم دەکرد، كە بەگشتی زیانەکان بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت .

حوسێن عەبدوڵا وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: جگە لە گوندەکانی سنوری قەزای پشدەر، گوندەکانی دۆڵی شاورێ لە ناحیەی سەرکەپکانی قەزای ڕانیە زیانێکی ئابوری زۆریان بەرکەوتووە کە ڕەنگە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی کەش و هەوا قەبارەی زیانەکان گەورەتر ببێت، بەوتەی ئەو، لەئێستادا لیژنەیەکی تایبەت سەردانی سنوری گوندەکانی دۆڵی شاورێیان کردووە بۆ لە نزیکەوە زانینی قەبارەی زیانەکان .

لیژنەیەکی تایبەت بۆ خەمڵاندی زیانەکان پێکهێنراوە 
عومەر حاجی وتەبێژی ئیدارەی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ شەممە، لیژنەی تایبەت و تیمەکانمان سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە زیانیان بەرکەوتووە بەمەبەستی بەهانەوە چوون و خەمڵاندنی زیانەکانیان و چاککردنەوەی هەموو ئەو ڕێگاوبان و تۆڕی ئاو و کارەبایەی زیانیان بەرکەوتووە .

وتیشی: "داوامان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە بەمەبەستی بەهاناوە هاتن و دڵنیاییشدەدەین پاڵپشت و هاوکاری زیان لێکەوتووان دەبین تاوەکو قەرەبوو بکرێنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure