كه‌شناسى وادەی كۆتایى شه‌پۆلى باران و خۆڵبارینى راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 26/10/2018‌ :: 20539‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی 
ماوەی زیاتر لە 15 کاتژمێرە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی كوردستان-ی گرتۆته‌وه‌، به‌رپرسى به‌شى پێشبینیه‌كانى كه‌شناسى هه‌رێم-یش ده‌ڵێت :"دره‌نگانێكی ئه‌مشه‌و خۆڵبارینه‌كه‌ كۆتایی پێدێت".


بژار ئه‌كره‌م، به‌رپرسی به‌شی پێشبینی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند :"بەهۆی زیادبوونى خێرایی با تۆز و خۆڵ زۆربەى ناوچەکانى هەرێمى كوردستانی گرتۆتەوە".

وتیشی :"له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆڵبارینه‌ ئاسۆى بینین  لە شار و شاروچکەکان به‌مشێوه‌یه‌: هەولێر 4 کم، شەمامک 3 کم، پیرمام 6 کم، سلێمانى 8 کم، چەمچەماڵ 8 کم، دهۆک 4 کم ، زاخۆ 6 کم، کەرکووک 8 کم". 

به‌رپرسی به‌شی پێشبینی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم روونیشیكرده‌وه‌ :"پێشبینى دەکرێت ئەم تۆز و خۆڵە تا درەنگانى شەو بەردەوامبێت، له‌ كاته‌كانی به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌م، خۆڵبارینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی كۆتایی پێدێت". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:"ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ی كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌رێمی كوردستان گرتووه‌ته‌وه‌ سبه‌ی كۆتایی پێدیت". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure