دوو نۆرینگه‌ داده‌خرێن و داوایەک ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 24/10/2018‌ :: 1385‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی له‌دوو نۆرینگه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی جۆراوجۆری ئه‌و نه‌خۆشیانه‌دا ده‌گرن و قایمقامیش بڕیاری‌ داخستنیان بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌دات، داواش لە هاووڵاتیان دەکرێت دڵنیابنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی رێنمای به‌كارهێنانه‌كانتان بۆ رونده‌كاته‌وه‌ دكتۆری ده‌رمانساز بێت.

گۆران قادر، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌ میانی گه‌ڕان و به‌دواداچوونه‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنەی هاوبەشی ته‌ندروستی كه‌ یه‌كێكه‌‌ له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، توانراوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی جۆراوجۆری نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان له‌ دوو نۆرینگه‌دا بگرن كه‌ بۆیان نییه‌ بیفرۆشن.

وتیشی به‌پێی رێنماییه‌كانی سه‌ندیكاكانی ده‌رمانسازان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، نۆرینگه‌كان توانای فرۆشتنی ته‌نیا (18 ئایتم) لە ده‌رمانیان هەیە، له‌وه‌ زیاتر رێگه‌ی پێنادرێت و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.

رونیشیكرده‌وه‌ هه‌ردوو نۆرینگه‌ی (شاهۆ و رۆژستی) به‌هۆی پابه‌ند نه‌بونیان به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و هه‌بونی بڕێكی زۆر ده‌رمانی نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان و فرۆشتنی به‌ نه‌خۆش، به‌بڕیاری قایمقامی سلێمانی‌ بۆ ماوه‌ی حه‌وت رۆژ داده‌خرێن و ته‌واوی ده‌رمانی نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كانیشیان له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ له‌ناو ده‌برێن.

گۆران قادر، داوا له‌ هاووڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات، بۆكڕینی ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان سه‌ردانی ده‌رمانخانه‌كان بكه‌ن و دڵنیابنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی رێنمای به‌كارهێنانه‌كانتان بۆ رونده‌كاته‌وه‌ دكتۆری ده‌رمانساز بێت، لە پێناو تەندروستی خۆیاندا  بە ووردی سەیری بەرواری بەسەرچوونی دەرمانەكان بكەن ولەكاتی هه‌بونی هەر سەرپێچییەكدا پەیوەندی بە لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ بكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە