سبه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/10/2018‌ :: 684‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بڕیارە سبەی وەفدێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بكات.


سەلیم كۆیی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: سبەی چوارشەممە لە سلێمانی وەفدێكی باڵای كۆمەڵ بە سەرۆكایەتی مامۆستا عەلی باپیر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی كوردستان و عێراق.

سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ لای گۆڕان لە كاتێكدایە ئەمڕۆ سەركردایەتی كۆمەڵ كۆبووەوە، بەڵام هیچ بڕیارێكیان نەدا سەبارەت بە بەشداریكردن یان ئۆپۆزسیۆنبوون لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، هاوكات گۆڕانیش تائێستا هیچ بڕیارێكی لەو بارەیەوە نەداوە.

سەبارەت بەوەی ئایا سەردانی سبەی بۆ دروستکردنی هەماهەنگییە لەنێوان هەردوولادا ده‌رباره‌ى به‌شدارى یان به‌شدارینه‌كردن له‌ حكومه‌ت فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ بە دواڕۆژی راگەیاند: "ئێمە پێیانوایە هێزە نیشتمانییەكان ئەوانەی بەردەوام لەدژی گەندەڵی وەستاونەتەوە و داوای چاكسازییان كردووە و داوایان کردووە گۆڕانكاری لە پڕۆسەی سیاسیدا بكرێت، لەهەر كوێ بن و هەڵوێستەكانیان لە هەندێك بواریشدا جیاواز بێت، بەڵام هەڵوێستە هاوبەشەكانیان ئەوەندە زۆرن كە شایستەن بەوەی راوێژ و راگۆڕینەوەیان پێكەوە هەبێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure