دوو بڕیار لە بەرژەوەندی هەڵەبجە دەرکران

هەواڵ / کوردستان :: 23/10/2018‌ :: 803‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنیت: وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم فەرمانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەی دەرکردووە و وەزارەتی بازرگانیش فەرمانی کردنەوەی بنکەی پسوڵەی خۆراکی بۆ پارێزگاکە دەرکردووە.  


کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: هۆکاری نەکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت لە هەڵەبجە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشتر بە نوسینگەی 4ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی دانرابوو، بەڵام وەکو پارێزگای هەڵەبجە رازی نەبووین بەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ و داوامانکرد بکرێتە بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ.

وتیشی: "دواتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاریدا بەشێوەی سەربەخۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە بکرێتەوە، هاوکات هەر ئەمڕۆ بڕیاری کڕینی پێداویستی و پڕۆسەی تەندەری گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکەدا کراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان".

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمیش فەرمانی بۆ کردنەوەی پسوڵەی خۆراکی هەڵەبجە دەرکردووە و لە دوای دابینکردنی پێداویستییەکان بە فەرمی دەست بە کارەکانیان دەکەن، هەروەها هەموو فەرمانەکانی بەغدا بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان پێویستی بە فەرمانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure