وەزارەتی رۆشنبیری هۆشداری دەداتە کەناڵەکان

هەواڵ / کوردستانی :: 25/10/2018‌ :: 765‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەمەودوا هەر كەناڵێك ریكلام بۆ دەرمانێك بكات كە لە كوالێتی دەرنەچووبێت، ئەوا بەبێ ئاگادارکردنەوە، كەناڵەكە دادەخرێت.


فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: پاڵپشتی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەكانی تایبەت بە كوالێتی دەرمان و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دەكەین.

وتیشی: "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی یاداشتی لێكتێگەیشتن ئیمزا دەكەین و لەمەودوا هەم بەپێی رێنمایی خۆمان و رێنمایی نوێی وەزارەتی تەندروستی، هەر كەناڵێك ریكلام بۆ ئەو دەرمانانە بكات كە كوالێتییان باش نییە یان لە كوالێتی دەرناچن و لەدەرەوەی رێنماییە نوێیەکانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستین، بەبێ ئاگاداركردنەوەی كەناڵەكە، دەستبەجێ كەناڵەكە دادەخرێت، چونكە ئەوە پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure