دواڕۆژ وردەكاری هه‌وڵى گەڕانەوەی چەند سەركردەیەكی هاوپەیمانی بۆ ناو یەكێتی بڵاودەكاتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 23/10/2018‌ :: 9384‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ژمارەیەک سەرکردەی ناو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە پێشتر بەشێکیان یەکێتی بوون، لیژنەیەکی باڵای 10 کەسییان پێکهێناوە بۆ گفتوگۆکردن و دانوستان لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتیدا بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ناو ئەو حیزبە.


بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتی ناو هاوپەیمانی بە دواڕۆژ دراون، ئەو سەركردانەی هاوپەیمانی كە پێشتر هەندێكیان لەنێو یەكێتی نيشتيمانى كوردستاندا بوون و لەگەڵ بەرهەم ساڵح هاوپەیمانییان دامەزراند، لیژنەیەكی باڵای 10 كەسییان بەناوی (لیژنەی باڵا) لە ئەنجومەنەكانی گشتی و بەڕێوەبردن بۆ دانوستان لەگەڵ یەكێتی دروستكردووە بەمەبەستی گەڕانەوەیان.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو لیژنە باڵایە نەخشەڕێگەیەكیان بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەكێتی دروستكردووە و تائێستاش لەنێو خۆیاندا سێ كۆبوونەوەیان كردووە، سەرچاوەكە بەدواڕۆژی وت: ئەو سەركردانەی هاوپەیمانی بۆیە دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو یەكێتی، چونکە بەرهەم ساڵح بەهەمان پۆستی پێشووی گەڕایەوە و ئەو سەركردانەش وەكو چۆن پێشتر لەگەڵ بەرهەم ساڵح بوون، دەیانەوێت بۆ داهاتووش هەر لەگەڵ ئەو بن.

وتیشی: "ئەو لیژنەیە لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ یەكێتی و تەنانەت ماڵی تاڵەبانی گفتوگۆ و دانوستان دەكەن و ئێمە دەمانەوێت وەكو دوو هێزی سیاسی دانوستان بكەین، نەك وەكو گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی".

رونیشیکردەوە: لە دانوستانەكان بۆ هەموو ئاستەكان لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی تا ئەندام كەرت بەڕێژەی 40% بۆ 50% داوای پۆستەكان دەكەین.

ئاماژەی بەوەشدا: بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەگەڵ یەكێتی چاوەڕوانی هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی بەرهەم ساڵح دەكەین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure