وەزارەتی کارەبا: بۆ ئەوەی تووشی شێرپەنجە نەبن کارەبا کەم بەکاربهێنن

هەواڵ / کوردستان :: 23/10/2018‌ :: 2473‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" بەکارهێنانی زۆریی کارەبا لەلایەن هاووڵآتیانەوە، دەبێتەهۆی زیاد بەكارهێنانی مۆلیدەكان و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەمەش ژینگە پیس دەبێت و ئەو دوكەڵەی دروست ده‌بێت، هۆكاری سەرەکیە بۆ توشبوون بە نەخۆشی شیرپەنجە.

لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە: لە نوێترین لێکۆڵینەوەدا کە زانستی پزیشكی سەلماندویەتی پەیوەندی نێوان نەخۆشی شێرپەنچە و كارەبا زۆرە و بەروونی ئەوە ئاشکرا بووە". 

ئاماژە بەوەشکراوە زانستی پزیشكی دەریخستووە کە پەیوەندییەكی كاریگەری خراپ هەیە لەنێوان كارەبا و نەخۆشی شێرپەنچەدا، چونکە ئاماژە بەوەکراوە کە بەكارهێنانی زۆریی كارەبا دەبێتە هۆی زیادبەكارهێنانی مۆلیدەكان و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەمەش ژینگە پیس دەبێت و ئەو دوكەڵەی دەكەوێتەوە هۆكارێكە لەسەر خراپبوونی تەندروستی، هاوكات بەكارهێنانی ئامێرەکانی کارەبا زیاد لە پێویستی مرۆڤ هۆکارە بۆ نەخۆشی شیرپەنجە.

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: دووکەڵ و پاشماوەی مۆلیدەکان و وێستگەکانی کارەبا هۆكارێكە بۆ دەرچوونی تیشكی زیادە و كاریگەریی راستەوخۆی خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بۆیە كارەبای زیاد لە پێویست لەناو ماڵەكاندا و بەکارهێنانی بە بەردەوامی مرۆڤ توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەکات.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا، داوا لە هاووڵاتیان کراوە، کە بەکارهێنانی کارەبا لە ماڵاندا كەمبكرێتەوەو ئەو گڵۆپانە بەكاربهێنرێت كە ناسراون بە LED و لەكاتی خەوتندا تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەرەكان و لاپتۆپ بكوژێنەوە، تا توشی نەخۆشی شیرپەنجە نەبن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure