سبەی (موعجیزەی ئەندازیاری) دەكرێتەوە

هەواڵ / جیهان :: 22/10/2018‌ :: 30962‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
حكومەتی پەكین بە رەسمی رایگەیاند، سبەی سێشەممە 23ی تشرینی یەكەم، درێژترین پردی سەر دەریا دەكاتەوە كە خاكی چین بە هۆنگ كۆنگ-ەوە دەبەستێتەوە.


ئەو پڕۆژەیە كە بە موعجیزەی ئەندازیاری ناودەبرێت، 55 كیلۆمەتر درێژە و بریتییە لە پردێك و تونێلێك لەنێوان ناوچەی ماكاو-ی چین و دوورگەی لانتاو لە هۆنگ كۆنگ، بەمەیش هۆنگ كۆنگ و چین پێكەوە دەبەسترێنەوە.

پرۆژەكە چەندین ملیار دۆلاری تێچووە و ماوەیەكیش لە وادەی تەوابوونی دواكەوتووە، ئەمەیش بۆ ئەو ئاستەنگانە دەگەڕێتەوە كە سەرەتا پێشبینییەكی ئەوتۆیان بۆ نەكردبوو، هەروەها باس لەوەیش دەكرێت كە هەندێك گەندەڵی و كەمتەرخەمیی تێداكراوە و ژمارەیەك كرێكاریشی تێدا مردووە.

بڕیارە خودی چی جینبینگ، سەرۆكی چین ئامادەی كردنەوەی پڕۆژەكە بێت كە بۆ سبەی بە یەكێك لە هەواڵە گرنگەكانی جیهان دادەنرێت، بەتایبەت لەڕووی بنیاتنان و ئەندازیاریی پرد و تونێلەوە.

نەیارانی دەسەڵاتی پەكین، ئەو پڕۆژە گەورەیەیان قۆستووەتەوە بۆ هێرشكردنە سەر حكومەتی چین و بەوەی دادەنێن كە هەوڵێكی حكومەتە بۆ دەستبەسەرداگرتنی هۆنگ كۆنگ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure