سبه‌ى کۆمەڵی ئیسلامی بڕیار لەسەر بەشداری لەحکومەت یان بوونە ئۆپۆزسیۆن دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 22/10/2018‌ :: 772‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
بڕیاره‌ سبه‌ى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ ده‌باره‌ى پرسى به‌شدارى له‌ حكومه‌ت یان بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن یه‌كلابكاته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌و حزبه‌ باسیده‌كات. 


محەمەد بامۆکی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامى كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند: سبەینێ سەرکردایەتی حزبەکەیان بەسەرپەرشتی ئەمیندار کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات.

وتیشی: "لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار دەدەن ئایا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەند بکەن یاخود رەتیبکەنەوە، هه‌روه‌ها بڕیارده‌ده‌ن له‌وه‌ى بەشداری حکومەتی داهاتووی هەرێم بکەن یاخود ببنە ئۆپۆزسیۆن".

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریدا كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌شداری حكومه‌ت نه‌كات و ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن.

لەبارەی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە، دانا عه‌بدولكه‌ریم، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌رپرسی حكومه‌ت له‌ ژووری په‌رله‌مان و حكومه‌تی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌، به‌ دواڕۆژی وت: "بڕیاری كۆتایی لای جڤاتی نیشتمانییه‌، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌یشتۆته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسا سه‌روه‌ر نیه‌ و رێز له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ناگیرێت به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌و هه‌موو ساخته‌كارییه‌ی كراوه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure