كاندیدێكی لیستی هاوپه‌یمانی "له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی" هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 22/10/2018‌ :: 1710‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
كاندیدێكی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كورسیه‌كیان به‌ ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام كۆمسیۆن ئه‌و كورسییه‌ی ئه‌وانی داوه‌ته‌ لایه‌نێكی تر. 


ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كاندیدی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، له‌ هه‌ولێر كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سازكرد و رایگه‌یاند: پێشتر كۆمسیۆن رایگه‌یاندبوو كه‌ هاوپه‌یمانی كورسییه‌كی له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هیچ كورسییه‌ك بۆ هاوپه‌یمانی ئه‌ژمارنه‌كراوه‌. 

ئه‌و كاندیده‌ی هاوپه‌یمانی وتیشی: "به‌ به‌ڵگه‌وه‌ لامانه‌ كه‌ كۆمسیۆن كورسییه‌كه‌ی ئێمه‌ی داوه‌ته‌ لایه‌نێكی تر". 

ئیبراهیم ئه‌حمه‌د روونیشیكرده‌وه‌: له‌كۆی ئه‌و ده‌نگانه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی هێناویه‌تی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار ده‌نگ بۆ ئه‌و هاتوون. 

ئه‌وه‌شی وت: "لیسته‌كه‌یان زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زارو 301 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام كۆمسیۆن رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وانی دابه‌زاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ به‌ر هاوپه‌یمانی نه‌كه‌وێت و دراوه‌ته‌ لایه‌نێكی تر". 

ئیراهیم ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر كۆمسیۆن تۆماركردووه‌و تا به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن و له‌ دادگای باڵای فیدراڵیش سكاڵایه‌كی تر تۆمار ده‌كه‌ن.
 
لیستی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری به‌ ژماره‌ 172 به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرد. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure