كاندیدێكى سه‌رنه‌كه‌وتووى پارتى هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 22/10/2018‌ :: 9378‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك
سه‌رنه‌كه‌وتنى كاندیدێكى پارتى له‌ قه‌زاى زاخۆ كاردانه‌وه‌ى دروستكردووه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرم".

شه‌وى شه‌ممه‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یاند.

به‌ڵام ناوى كاندیدى پارتى (مه‌لا سه‌عید عه‌بدولڕه‌حمان گوللى) له‌ناو كاندیده‌ سه‌ركه‌تووه‌كاندا نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌ویش ده‌ڵێت: "من دڵنیام ده‌نگى پێویستم هێناوه‌ و هه‌ست ده‌كه‌م غه‌در له‌من كراوه‌‌".

مه‌لا سه‌عید بۆ دواڕۆژ وتى: "من زانیاریم هه‌بوو تا دوا ساتى پێش راگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردن، ده‌نگه‌كانى من له‌ 7027 ده‌نگ كه‌متر نه‌بووه‌، كه‌چى ناوم نه‌هاتووه‌ و له‌هه‌مان كاتدا كاندید هه‌بووه‌ ده‌نگى كه‌مترى هێناوه‌ و ناوى ده‌ر‌چووه‌".

وتیشى: "له‌ كۆمسیۆن سكاڵا تۆمارده‌كه‌م و داواى حه‌قى خۆم و ده‌نگدارانى خۆم ده‌كه‌م، هه‌ر كاتێك زانیم مافم خوراوه‌، هه‌ڵوێستى دیكه‌مان ده‌بێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure