له‌جه‌نگی جیهانیی سێیه‌مدا په‌نا بۆ كوێ ببه‌ین؟

هەواڵ / جیهان :: 22/10/2018‌ :: 233‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م رووداوێكه‌ كه‌ به‌رده‌وام باس له‌ ئه‌گه‌ری روودانی ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر روویدا كام وڵات باشترین شوێنه‌ په‌نای بۆ ببه‌ین؟

 
جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م ده‌شێت به‌هۆی گرژییه‌ زۆره‌كانی رووسیا و كۆریای باكوره‌وه‌ رووبدات، هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا بوو كه‌ ڤلادیمیر پوتین به‌ شانازییه‌وه‌ باسی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌كه‌ له‌ ده‌نگ خێراتره‌كانی كرد كه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌وتوون ته‌نانه‌ت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و چینیش ناتوانن خۆیانی له‌ به‌رامبه‌ردا بپارێزن.

 

پێڕستی ئاشتیی جیهانیی 2018 ئارامترین وڵاته‌كانی جیهانی ده‌ستنیشانكردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م روویدا ده‌توانیت په‌نا بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ببه‌یت:

 

1. ئایسله‌ندا: له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ ئارامترینە، هه‌موو ساڵێك به‌ ئارامترین وڵات دیاری ده‌كرێت. سنووری له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكی تردا نییه‌ و كه‌مترین رێژه‌ی تاوانی تێدایه‌.

 

2. نیوزله‌ندا: وڵاتێكی زۆر دووره‌ده‌سته‌ و بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ له‌كاتی شه‌ڕدا په‌نای بۆ ببه‌یت. چوارده‌وری ده‌ریایه‌ و ترسی داگیركردنی له‌سه‌ر نییه‌. وڵاته‌كه‌ خۆبژێوه‌ و زه‌وییه‌كی به‌پیتی هه‌یه‌ و كاره‌باكه‌شی به‌ هێزی با به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

 

3. نه‌مسا: پار چواره‌مین ئارامترین وڵات بوو، ئه‌مساڵیش بووه‌ به‌ سێیه‌م، واته‌ زیاتر به‌ره‌و ئارامی چووه‌. ئارامترین وڵاتی ئه‌وروپایه‌.

 

4. پورتوگال: ساڵی پار سێیه‌م بوو ئه‌مساڵ بووه‌ته‌ چواره‌م. پورتوگال وڵاتێكی دیموكراتی سه‌قامگیره‌ و به‌ (دوورگه‌یه‌كی سه‌قامگیر) ناوده‌برێت. له‌ جه‌نگی جیهانیی دووه‌میشدا خۆی به‌ بێلایه‌نی هێشته‌وه‌ و تووشی جه‌نگه‌كه‌ نه‌بوو.

 

5. دانیمارك: به‌هۆی به‌شداریی له‌ ناتۆدا ره‌نگه‌ دانیمارك له‌ جه‌نگه‌كه‌وه‌ بگلێت به‌ڵام هه‌رێمی گرینلاندی هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ بێلایه‌نه‌ و له‌ڕووی جوگرافیشه‌وه‌ دووره‌ده‌ست و پارێزراوه‌.

 

6. كه‌نه‌دا: له‌ رووی ئارامییه‌وه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای بردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هێزترین وڵاتی جیهانه‌. ناكۆكیی ناوخۆیی و رێژه‌ی تاوان و ناسه‌قامگیریی سیاسی تیایدا كه‌من.

 

7. كۆماری چیك: به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، كۆماری چیك شه‌پۆلی تیرۆری ئه‌م دواییه‌ لێی نه‌داوه‌. هه‌ربۆیه‌ وڵاتێكی پارێزراوه‌. سه‌قامگیریی سیاسی و ئاسایشی تاكه‌كه‌سی و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیشیان به‌هێزه‌.

 

8. سه‌نگافوره‌: له‌ ریزبه‌ندیی هه‌شته‌مدا هاتووه‌ و خاوه‌نی یه‌كێك له‌ به‌هێزترین پاسپۆرته‌كانی جیهانه‌. هه‌روه‌ها شاره‌كانیشی به‌ سیستمی ته‌كنه‌لۆجیای زیره‌ك ده‌پارێزێت.

 

9. ژاپۆن: ژاپۆن له‌ ساڵی پاره‌وه‌ خۆی گه‌یاندووه‌ته‌ ریزی 10 ئارامترین وڵاتانی جیهان. راده‌ی كوشتن له‌و وڵاته‌دا كه‌مبووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هاوكات زیندانیكردن زیادی كردووه‌.

 

10. ئایرله‌ندا: ئه‌م وڵاته‌ له‌ رووی جوگرافییه‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌وه‌ دووره‌ كه‌ تووشی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌بن (وه‌كو ئه‌مریكا، كۆریای باكور، رووسیا و ئێران) بۆیه‌ په‌ناگه‌یه‌كی باشه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure