"له‌سه‌ر زمانمه‌ و بۆم نایه‌ت دەزانیت" ئەم حاڵەتە چییە؟

هەواڵ / زانست :: 21/10/2018‌ :: 1982‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دیارده‌ى (له‌سه‌ر زمان) یاخود بیرچوونه‌وه‌یه‌كى كاتى، حاڵه‌تێكى باوى نێوان كۆى مرۆڤه‌كانه‌. پرسیارێكت لێ ده‌كرێت و وه‌ڵامه‌كه‌یت بۆ نادرێته‌وه‌ یان به‌زه‌حمه‌ت وه‌ڵامت بۆ ده‌درێته‌وه‌ له‌كاتێكدا تۆ زۆر به‌ ته‌واوى و دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامه‌ راسته‌كه‌ ده‌زانیت و ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت به‌سه‌ كه‌ یه‌كه‌م وشه‌ى ناوه‌كه‌یت بیربكه‌وێته‌وه‌! 


ئه‌م حاڵه‌ته‌ كه‌ له‌ كورده‌وارى خۆماندا پێیده‌ڵێین (له‌سه‌ر زمانمه‌ و بۆم نایه‌ت) له‌ زانستى پزیشكیدا ناوێكى تایبه‌تى هه‌یه‌ و پێیده‌وترێت (Lethologica) واتا له‌بیرچوونه‌وه‌ى ناوه‌كان و دیارده‌ى سه‌رزمان.

زانا ده‌روونناسه‌كان ده‌ڵێن: "دیارده‌كه‌ هه‌ستێكى كاتیه‌ و په‌یوه‌ندیى به‌ بێتواناییه‌كى كورتخایه‌نه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ زانیارییه‌كه‌ له‌ یادگه‌وه‌ ناگاته‌ شوێنى وتن"، چونكه‌ تۆ له‌ سه‌داسه‌د وه‌ڵامه‌كه‌ ده‌زانیت، به‌ڵام له‌و چركه‌ساته‌دا ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى عه‌قڵى وتنى زانیارییه‌كه‌وه‌.

توێژه‌ران ده‌ڵێن:
ـ ئه‌م دیارده‌ جیهانییه‌ زۆر به‌ربڵاوه‌ و نزیكه‌ى 90%ى خه‌ڵكى له‌ هه‌موو زمانه‌كان و له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهانه‌وه‌، ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و چركه‌ساته‌وه‌ كه‌ تێیدا واهه‌ست ده‌كه‌ن یادگه‌یان بۆ ئه‌و چه‌ند چركه‌یه‌ ده‌وه‌ستێت و ئه‌و زانیارییه‌ نادات.
ـ زۆرجار ئه‌مه‌ رووده‌دات و هه‌رچه‌ند مرۆڤ بچێته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ زیاتر ده‌بێت. ره‌نگه‌ لاوان له‌ هه‌فته‌یه‌كدا یه‌كجار تووشى ئه‌م حاڵه‌ته‌ ببن، به‌ڵام كه‌سانى به‌ته‌مه‌ن ره‌نگه‌ رۆژانه‌ تووشى ببن.
ـ هه‌ندێك جار كه‌سه‌كه‌، پیتى یه‌كه‌مى ناوه‌كه‌ یاخود هه‌ندێك له‌ وشه‌كانى رسته‌كه‌ى بیرده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پچڕپچڕى و ناتوانێت لێكیان بدات و زانیارییه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت.

به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى زاناكان و ده‌روونناسه‌كان، زمان پرۆسێسێكى ئاڵۆزه‌. بیر له‌ شتێك ده‌كه‌یته‌وه‌ و مێشك-یش لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌و وشانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ له‌ زمانه‌كه‌ى تۆدا گوزارشته‌ له‌و شته‌ى له‌بیرتدایه‌ و له‌ زیهنى خۆتدا بۆى ده‌گه‌ڕێیت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ كارێكى یه‌كجار ورد و ئاڵۆزه‌، بۆیه‌ رێى تێده‌چێت كه‌ جۆره‌ها هه‌ڵه‌ى تێدا بكرێت، به‌ هه‌ڵه‌ى ساته‌كانى له‌بیرچوونه‌وه‌یشه‌وه‌. 

تۆ سوور ده‌زانیت وه‌ڵامه‌ راسته‌كه‌ یاخود ئه‌و زانیارییه‌، له‌سه‌ر زمانته‌ به‌ڵام هه‌رچى ده‌كه‌یت له‌و ساته‌دا ناتوانیت بیڵێیت، واتا وه‌ڵامه‌كه‌ت لایه‌ به‌ڵام بیرت نایه‌ته‌وه‌ و بیرت پێیڕاناگات.

به‌لاى توێژه‌رانه‌وه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ چه‌ندین هۆكارى له‌پشته‌وه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر وردى و ئاڵۆزیى پڕۆسه‌كه‌، هۆكاره‌كانیش به‌ته‌واوى روون و ئاشكرانین.

ئه‌م دیارده‌ى له‌بیرچوونه‌وه‌ كاتییه‌، چه‌ندباره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ كه‌سێكدا كه‌ ماندوو بێت، به‌ڵام باشى و خراپیى هه‌ڵگرتنى (ناوه‌كه‌/ زانیارییه‌كه‌) له‌ شوێنى گونجاوى یادگه‌یشدا كاریگه‌ریى خۆیى هه‌یه‌. هه‌روه‌ها كه‌ڵه‌كه‌بوونى زانیاریى زۆرى بێ به‌رنامه‌ هه‌ڵگیراویش له‌ یادگه‌دا له‌ هۆكاره‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌ن.

ره‌نگه‌ ئه‌م له‌بیرچوونه‌وه‌ كاتیه‌ى كه‌ (له‌سه‌ر زمانته‌ و بۆت ناوترێت) جۆره‌ هۆشداریدانێك بێت. واتا وه‌ك چۆن ئۆتۆمبێله‌كه‌ت هۆشداریت ده‌داتێ له‌ بوونى هه‌ڵه‌یه‌كى میكانیكى یاخود ناته‌واوییه‌ك له‌ خۆیدا، ئه‌میش هۆشیاركردنه‌وه‌یه‌كته‌ له‌وه‌ى كه‌ ره‌نگه‌ گرفتێك له‌ سیستمى وه‌رگرتنه‌وه‌ى زانیارییه‌ هه‌ڵگیراوه‌كانتدا هه‌بێت و پێویست هه‌ڵه‌كه‌ راست بكه‌یته‌وه‌.

بۆ چاره‌سه‌ركردن، یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ له‌بیرچوونه‌وه‌یه‌، هه‌ندێك له‌ زانایانى ده‌روونناس، پێیانوایه‌ كه‌ ره‌نگه‌ جۆره‌ خۆگونجاندنێك له‌ یادگه‌ و پڕۆسه‌ى فێركردندا دروست بكات. هه‌ندێك له‌ توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ كاتێكى زیاتر بۆ بایه‌خدان به‌ ئه‌زموونى (ئه‌م بۆنه‌هاتنه‌) بدرێت، ئاستى فێربوون و بیرهێنانه‌وه‌یش له‌ ئایینده‌دا زیاتر ده‌بێت و به‌مه‌یش وه‌رگرتنه‌وه‌ى زانیارییه‌كان له‌ یادگه‌وه‌ ئاسانتر ده‌بێت.

پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌، هه‌ندێكى دى له‌ ده‌روونناسه‌كان واى بۆ ده‌چن كه‌ به‌سه‌ربردنى كاتێكى زۆر بۆ بیرهێنانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر زمانته‌ و بۆتنایه‌ت، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ به‌فیڕۆدانى كاته‌ له‌هه‌مانكاتدا مایه‌ى جۆره‌ نیگه‌رانییه‌كیشه‌.

زۆرى و كه‌میى ئه‌و كاته‌ى كه‌ بۆ بیرهێنانه‌وه‌ى (شتێكى) له‌بیرچوو به‌سه‌رده‌برێت، بووه‌ته‌ جێى سه‌رنجى (كارین هامفرێز) زاناى گه‌وره‌ى ده‌روونناسى كه‌ پێیوایه‌ "هه‌تا كاتى بیركردنه‌وه‌ له‌و شته‌ى كه‌ له‌بیرچووه‌ته‌وه‌، زیاتر بێت، تووشى ئه‌وه‌ ده‌بیت كه‌ هه‌مان وشه‌ت له‌ داهاتوودا به‌ قورستر و زه‌حمه‌تتر بیربكه‌وێته‌وه‌".

كارین هامفرێز له‌ دیدارێكى رۆژنامه‌ى (ScienCentral News) ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌تا زیاتر بیر له‌و وشه‌ لێوه‌نبووه‌ بكه‌یته‌وه‌، وشه‌كه‌ زیاتر ده‌چێته‌ قووڵایى له‌بیرچوونه‌وه‌ و ئاڵنگارییه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت.

به‌گوته‌ى زاناكانى بواره‌كه‌: "هه‌ركاتێك بۆ جارێك حاڵه‌تى له‌بیرچوونه‌وه‌ى وشه‌یه‌كى دیاریكراو روویدا، ئه‌وا ئه‌گه‌رى زۆره‌ كه‌ هه‌مان وشه‌ بۆ چه‌ندین جارى دیكه‌یش تووشى هه‌مان حاڵه‌تى له‌بیرچوونه‌وه‌یت بكات".

جێى خۆیه‌تى لێره‌دا ئه‌وه‌یش بیربێنینه‌وه‌ سیگمۆند فرۆید-ى زاناى ناودارى ده‌روونزانى، باسى له‌و هۆكاره‌ ده‌روونیانه‌ كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ عه‌قڵى شاراوه‌ (نادیار/باتن)ه‌وه‌، وه‌ك فیكره‌كان و پاڵنه‌ره‌كانى عه‌قڵى شاراوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ببنه‌ هۆى له‌بیرچوونه‌وه‌ى وشه‌ زانراوه‌كان. 

زاراوه‌ى (سه‌ر زمان) له‌ زمانى گشتیى خه‌ڵكه‌وه‌ هاتووه‌، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار دیارده‌كه‌ له‌لایه‌ن ویلیام جێمس-ى ده‌روونزانه‌وه‌ (1842-1910) باسكراوه‌ له‌ كتێبى (بنه‌ماكانى پزیشكیى ده‌روونى)، به‌ڵام بێگومان به‌و زاراوه‌یه‌ نا كه‌ ئێستا به‌ باڵاى حاڵه‌ته‌كه‌دا بڕدراوه‌. 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure