ده‌یان دۆنم زه‌وی 2 گوندی کوردنشین راده‌ستی عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/10/2018‌ :: 1271‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌كه‌می 2018 دادگای داقوق بڕیاریدا به‌ پێدانی ده‌یان دۆنم زه‌وی له‌سنوری دوو گوندی كوردنشین بۆ ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ی پێشتر له‌سه‌رده‌می سه‌دام حسێندا زەوییەکانیان وەرگرتبوو بەڵام بەپێی ماددەی 140 لێیان سەندرابوەوە.


ئازاد رۆسته‌م، به‌رپرسی كۆمیته‌ی داقوقی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ دواڕۆژی وت: "ماوه‌یه‌كی زۆره‌ عه‌ره‌به‌كان نوسراویان له‌به‌غداوه‌ هێناوه ‌و هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ی پێشتر له‌كاتی جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی ماده‌ی 140دا لێیان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه"‌.

وتیشی: "ئه‌مڕۆ دادگای داقوق له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ بڕیاریدا و له‌ئێستادا عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان له‌گه‌ڵ كشتوكاڵی قه‌زاكه ‌و لیژنه‌یه‌ك له‌دادگا و پۆلیسی ئیتیحادی چوونه‌ته‌ ئه‌و دوو گونده ‌و سه‌رقاڵی جێگیركردنی عه‌ره‌به‌كانن".

به‌وته‌ی ئه‌ به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی، زه‌وییه‌كان له‌سنوری گونده‌كانی (ئه‌لبو شه‌راج داوده‌)یه‌ له‌ناوچه‌ی داوده‌ و (مونته‌سر) له‌ناوچه‌ی یه‌نگیجه‌ی كوردنشینه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure