وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و عێراق رێککەوتن

هەواڵ / ئابوری :: 20/10/2018‌ :: 46336‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
شاندێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و دارایی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی ھەولێریان كردووه‌ بۆ قسەکردن و سەرنجدان لەسەر شێوازی کاری دەروازە سنورییه‌كان، به‌ پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و عێراق رێككه‌وتوون بۆ دانانی میکانیزمی بردنەدەرەوەو هێنانە ناوەوەی پارە له‌ هه‌رێم و عێراق. 

رۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو، شاندێكی حكومه‌تی عێراق كه‌ پێكهاتبوون له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌روازه‌ سنوررییه‌كان، گومرگ، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌غدا، نه‌جه‌ف و به‌سڕا سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌ریم و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌. 

له‌ باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ساماڵ عه‌بدوڕه‌حمان، بەڕێوەبەری گومرگی ھەرێم بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: شاندێکی بەغدا سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌ بۆ ئاگاداربوون له‌ كاره‌كانی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و خاڵه‌ گومرگییه‌كان. 

وتیشی: "شاندەکە لەگەڵ وه‌زیری دارایی کۆبونەتەوە و گفتوگۆکانیان سەبارەت بە یەکخستنی ڕێنماییەکان بوو لەسەر شێوازی مامەڵەکردن بەو پارانەی کە ده‌نێردرێنه‌ دەرەوە و ده‌هێنرێنه‌وه‌ بۆ ناو عێراق و ھەرێمی کوردستان".

سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانی هه‌رێم له‌ كردنه‌وه‌ی سێ خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراق بەڕێوەبەری گومرگی ھەرێم ئاماژەی بەوەشدا: ھەوڵەکانی وه‌زاره‌تی دارایی بەردەوام دەبێت تا ئەو خاڵه‌ گومرگییانه‌ی بە نایاسایی كراونه‌ته‌وه‌ لادەدرێن، بەتایبەتی ئەو خاڵانەی کە لە ئێستادا لە نێوان ھەرێم و ناوەنددا هه‌یه‌. 

له‌ باره‌ی ده‌ستگیركردنی شه‌ش فه‌رمانبه‌ری ئه‌و خاڵه‌ گومرگیانه‌، ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان وتى: "ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌ستگیركراون هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ گومرگی هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه‌وه‌ ده‌ستگیركراون".

به‌ پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، رێككه‌وتنێك له‌ نێوان وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئه‌نجامدراوه‌ بۆ دانانی میکانیزمی بردنەدەرەوە و هێنانە ناوەوەی پارە له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.   



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure