جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستان :: 20/10/2018‌ :: 36158‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ جڤاتی نیشتمانیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبووه‌وه‌و چه‌ند بڕیارێك ده‌ركرا.

له‌وباره‌ه‌یه‌وه‌ عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانيی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژی وت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا چه‌ند بڕیارێك دراوه‌ن له‌وانه‌ بڕیاردراوه‌ پرسی  به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبگرن بۆ دواى راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بڕیاریشدراوه‌ به‌زووترین كات كۆنفرانسی نیشتمانیی ناوخۆی گۆڕان ئه‌نجامبدرێت.

وتیشی: "چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كاریی ئه‌نجامدانی كونفرانسه‌كه‌ پێكده‌هێنرێت و ده‌بێت له‌ماوه‌ی سێ مانگدا كاره‌كانیان ته‌واو بكه‌ن و كۆنفرانسه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت".

رونیشیكرده‌وه‌: ئه‌و كۆنفرانسه‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ستوری ناوخۆیی گۆڕان، ئایا هه‌مواری بكه‌نه‌وه‌ یان نا، بۆ رێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی رێكخراوه‌یی گۆڕان و پێداچوونه‌وه‌ به‌ رابردوو و باسكردنی كێشه‌كان و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنیانه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی جڤاتی نیشتمانیی ده‌ڵێت: "بڕیاردراوه‌ له‌ دواى ئه‌و كۆنفرانسه‌ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕان ئه‌نجامبدرێت له‌ رایه‌ڵه‌و بازنه‌كان، تا ده‌گات جڤاتی نیشتمانیی و خانه‌ی راپه‌ڕاندن و رێكخه‌ری گشتی".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure