"سعودیه‌ 9 ملیار پاوه‌ندی داوه‌ته‌ تۆنی بلێر"

هەواڵ / جیهان :: 20/10/2018‌ :: 1256‌ جار بینراوە
تۆنی بلێر

دواڕۆژ
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، سعودیه‌ 9 ملیۆن پاوه‌ندی داوه‌ته‌ تۆنی بلێر و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش له‌ داهاتی ساڵانه‌ی رێكخراوه‌كه‌یدا وه‌كو (كۆمه‌كی دارایی) تۆماركراوه‌.


بلێر له‌ ساڵی رابردوودا یه‌كێك بوو له‌ به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌ ساڵانه‌كه‌ی سعودیه‌ و رایگه‌یاند كه‌ (به‌شدارییه‌ گه‌وره‌كه‌ی خه‌ڵكانی جیهان له‌م كۆنفرانسه‌دا نیشانه‌ی متمانه‌ی جیهانه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عه‌ره‌بستانی سعودی). له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌مساڵ زوربه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ به‌هۆی كه‌یسی رۆژنامه‌نوس جه‌مال خاشقچییه‌وه‌ له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌شدارنه‌بوون.

 وته‌بێژه‌كه‌ی تۆنی بلێر دوێنێ رایگه‌یاند: بلێر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌نیازنه‌بووه‌ ئه‌مساڵ له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌شدارببێت و له‌ شوێنێكی تر كاری هه‌یه‌.

ئه‌و 9 ملیۆن پاوه‌نده‌ وه‌كو كۆمه‌كی دارایی به‌رامبه‌ر به‌ هاوكاریكردنی جێنشینى سعودیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی "به‌رنامه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كه‌ی" دابینكراوه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌: ئه‌و كۆمه‌كه‌ بۆ چوارده‌ وڵاتی ئه‌فریقایی بۆ باشتركردنی ره‌وشی ژیان و هه‌روه‌ها بۆ زیادكردنی هه‌لی كار له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هاندانی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و میانڕه‌وی و چاكسازی و ئاشتی خه‌رجكراوه‌. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: بلێر به‌توندی پشتیوانی له‌ به‌رنامه‌ چاكسازییه‌كه‌ی شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان ده‌كات و بڕوای وایه‌ كه‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهانیش به‌سووده‌.

تۆنی بلێر سه‌باره‌ت به‌ كوژرانی جه‌مال خاشقچی رایگه‌یاند: بارودۆخه‌كه‌ ئه‌وپه‌ڕی ناخۆشه‌، حكومه‌تی سعودیه‌ به‌توندی ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت چونكه‌ به‌ته‌واوه‌تی دژی پێشكه‌وتنخوازییه‌.

تۆنى بلێر (له‌دایكبووى 6ى ئایارى 1953) سه‌رۆك وه‌زیرانى بریتانیا بوو له‌نێوان ساڵانى 1997 تا 2007 بۆ سێ خولى یه‌ك له‌ دواى یه‌ك، هه‌روه‌ك سه‌رۆكى پارتى كرێكاران بووه‌ له‌ ساڵى 1994 تا ساڵى 2007.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure