سێبەرى ئیدارەى ترەمپ لە سعودیە دا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 20/10/2018‌ :: 271‌ جار بینراوە

هەواڵی پەیوەندیدار

یاسین نادر


نازارێت لە مێژووى ئەمریکادا سەرۆکێکى هاوشێوەى ترەمپ دەدۆزرێتەوە کە هاوشێوەى ئەو ئەوەندە بەردەى پارەوپول بێت، کە لە دونیای ئەمڕۆدا وا دەیبینین، بەو پێیەى کە سعودیەکان پارەى بێشوماریان بەردەستە، بوونەتە هۆی ئەوه‌ى زلهێزێکى وەک ئەمریکا هەمیشە شوێنپێى کاروبارەکانیان بگرێت و بەبێ هیچ ئەملاولا و گوتنێکى تر هەمیشە بەڕاستەوخۆ داواى پارە لەوان بکات.لەم نێوەندەشدا ئەوە بەڕوونى دیارە کە سعودیەکانیش دەیانەوێت خودێتییەکیان پیشانى ویلایەتە یەکگرتووەکان و دونیا بدەن کە ئێمەش هەبوونیەتێکمان هەیە.

دیار نییە لەم ڕۆژانەدا سعودیە فەرمانبەردارى ئەمریکایە!! یان ئەمریکا فەرمانبەردارى ئەوە و لەو پەیڕەوى دەکات. بەڵام شتێک کە ڕوونە ئەوەیە کاریگەرى پارەى سعودیه‌ لەسەر ترەمپ و دونیای ئەمریکا بەگشتى تا ئێستاکە هەمیشە سعودیه‌ى وەک هاوبەشێکى ئەمریکا لە ناوچەکە و جێبەجێکەرى سیاسەتەکانى ئەو دەردەخات.

ترەمپ بەئاشکرا ئەوەى گوتوە کە تا تەواوى پارەى سعودیه‌ نەخاتە گیرفانییەوە، واز لە سعودیەکان ناهێنێت، ئەم ئەگەرەش تا کۆتایی قۆناغی سەرۆکایەتى ئەو ڕەنگە بەدیبێت یانیش نەیەت.

بە گەورەبوونى چیرۆکى تیرۆری ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرى سعودیی"جەمال خاشقچی" لە باڵیۆزخانەى سعودیه‌ لە تورکیا، زۆر کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چاوەڕوانیی ئەوەدان کە کاردانەوەى توند بەرانبەر بە سعودیه‌ و کاربەدەستانیی ئەم وڵاتە بکرێت. ئیتر هەندێک لە بەرپرسانى ئەمریکاش ئەمە هەمیشە لەسەر زاریانە کە سزاى وڵاتان بدەن؛ چ سعودیه‌ لە ئێستا و هەر وڵاتێکى تریش بێت. بەڵام ترەمپ بەئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئامادە نییە بۆ تیرۆرکردن و گیانى لەدەستچووى نەفەریک، چەندسەد ملیار دۆلار گرێبەستى خۆی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا تێکووێک بدات. بە ئەگەرێک لەم سەروبەندەدا، بریتانیا و ئەمریکا رەنگە لە هەوڵی ئەوەدا بن، کۆنفڕانسی ئابوورى لە سعودیه‌ وەک سزایەک بەکاربێنن.

لەلایەکى ترەوە هەندێک لە بەرپرسانى سعودیه‌ ئەم خاڵە لاوازەیان لە ترەمپدا دۆزیوەتەوە و هەڕشەوگوڕەشەى ئەوەیان کردووە، لە ئەگەرى هەر گوشاریک لە سەر وڵاتەکەیان نە تەنها گرێبەستە سەربازى و چەک پێفرۆشتنەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا هەڵدەوشێننەوە، بەڵکو هەوڵدەدەن چەک و تفاقی پێویستیان لە رێگەى روسیا و چین-ەوە دابین بکەن و هاوکاریى ترەمپ لە سزادان و ئابڵۆقە نەوتییەکان بەسەر ئیراندا نەکەن و نرخى هەر بەرمیلەنەوتێک بە ٢٠٠دۆلار بگەیەنن و لە ناوچەکەش واز لە ململانێکرنى ئێران چیتر بێنن، تا ئێران لە ناوچەکە هەر بە سەیتەرەیی رۆڵی خۆی بهێڵێتەوە، شتێک کە هەندێک ئاماژەى بچووکیشی لە مه‌سه‌لەى خاشقچییەوە بەنسبەت ئێرانەوە دەبینرێت کە تا ئێستاکە ئێران، سعودیەکان بەجۆرێک تاوانبار لەم قەزیە نازانن و لەبارەیەوە هیچ گوتویژ و باسێکیان لەسەر نەکردووە. 

ئەم چیرۆکەش گەر وردتر لێ بڕوانین تاڕادەیەک لە هاوشێوەى ئەو هەڕەشانەیە کە عەرەبستانی سعودی لە کاتى پەسەندکردنى یاسای "جاستا" لە دژى خۆی کردى و بووە هۆی ئەوە کە راپۆرتى دەزگا هەواڵگریەکانى ئەمریکا کە بەئاشکرا سعودیه‌یان به‌ بەرپرسی رووداوى یازدەى سێپتەمبەر دەزانى، لەسەر خۆی لابدات.

یانیش کاتێک ڕیکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان ناوى سعودیه‌ی بەهۆی کوژرانى منداڵانى یەمەنى خستە لیستى ڕەشەوە، بە گوتەى سەرۆکى ئەوکاتى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هەڕەشەى دارایی سعودیەکان، لەم بابەتەش لەوان بوران و لێخۆشبوونیان کرد.

بەهەرحاڵ هەرچەندە ترەمپ و ئیدارەى ئەمریکا ئاوا هەڵسوکەوتگەلیک لەبارەى سعودیه‌وە بنوێنن، ئەوانیش بە گوتەى خۆیان هەنگاوى ئاراستە پێچەوانەیان بۆ ئەوان دەبێت کە هەموویان لە سەرچاوە داراییەکان لە قازانجى ئەمریکادا خۆی دەبینیتەوە.

چاودێرانی سیاسی باش ئەوە دەزانن ترەمپ لە گرێبەستە سەربازیەکانى پەشیمان نابێتەوە. ئەگەر لەم نێوەندەشدا بەو پێیەى ئاماژەى پیکرا قسە و هەڕەشەکانی سعودیه‌ سەربگرێت و ئەو وڵاتانەى کە وەکو ئەمریکاو بریتانیا کە بانگەشەکەرى مافی مرۆڤ و ئازادى ڕادەربڕینن، بکشێنە دواوە، ئەوکات دەتوانین بڵێین عەرەبستان سوارى قەزیە و باس و بارودۆخەکان لە ئێستادایە و توانیوێتى رەنگە خەونبینینى هەموو وڵاتانی رۆژئاوایی بگرێتە دەستەی خۆیەوە.

 وڵاتانی تر هەنگاوێکى سعودیەکانیان لەبارەى کەنەدا-وە لە ماوەکانیی رابردوودا لەبیر نەکردووە، کاتێک کە کەنەدا دژایەتیی هەڵسوکەوتى سعودیەکانیی لەبارەى گرتن و ئەشکەنجەدانى چالاکوانانى ژنانى سعودى کردبوو، لە هەنگاوى پەرچەکرداریدا سعودیەکان باڵیۆزى کەنەدایان لە وڵاتەکەیان ناردە ماڵەوە و هەنگاوى دیكه‌ى ئابورییشیان پەیوەست و پەیوەند بە کەنەداوە ڕەفز کردەوە و تا سەرمەشقێک بۆ هەنگاوانیکى تر بێت کە لە دژى سعودیه‌ لە داهاتوودا رەنگە بە ئەنجام بگات یان بەئەنجام بگەیەنرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure