جوتیارانى هه‌ڵه‌بجه‌ په‌ره‌ به‌ چاندن و به‌رهه‌مهێنانى فستق ده‌ده‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 19/10/2018‌ :: 2375‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
به‌رهه‌مهێنانى فستق له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رووى له‌ گه‌شه‌كردن كردووه‌ و ئه‌مساڵیش له‌ 45 دۆنم زه‌ویدا زیاتر له‌ 20 هه‌زار دار فستق هاتوونه‌ته‌ به‌رهه‌م، چاوه‌ڕێشده‌كرێت هاوشێوه‌ى به‌رهه‌مى هه‌نار فستقى هه‌ڵه‌بجه‌ش ناوبانگى باش ده‌ربكات. 


له‌بارى كه‌شوهه‌وا و به‌پیتى خاكه‌كه‌ى، بووه‌ته‌ هانده‌رى جوتیار و خاوه‌ن باخه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ جگه‌ له‌ هه‌نار روو له‌ به‌رهه‌مهێنانى فستق بكه‌ن كه‌ به‌ها و سودى باشى هه‌یه‌ و له‌مه‌شدا توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتوو بن.

جیاواز له‌و به‌روبومانه‌ى كه‌ ساڵانێكه‌ له‌لایه‌ن جوتیار و خاوه‌ن باخه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، ئه‌ندازیارێكى كشتوكاڵى وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س له‌ سنوره‌كه‌دا له‌سه‌ر روبه‌رى 18 دۆنم زه‌ویدا باخێكى فستقى به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ زیاتر له‌ هه‌زار و 300 دار فستق له‌خۆده‌گرێت و به‌ وته‌ى خۆیشى ئه‌مساڵ به‌رهه‌مى نزیكبوه‌ته‌وه‌ له‌ زیاد له‌ یه‌ك تۆن.

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ ئه‌و و جوتیارانى ترى سنوره‌كه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ چنینه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌.

بورهان شێخ عیزه‌دین، خاوه‌نى یه‌كه‌م باخى فستق له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ له‌هه‌مان كاتدا ئه‌ندازیارى كشتوكاڵیه‌، به‌ دواڕۆژى وت: له‌ ساڵى 2004-وه‌ ده‌ستمكردووه‌ به‌ دروستكردنى ئه‌م باخه‌ كه‌ سه‌ره‌تا به‌ رێگه‌ى تۆوى فستق ده‌ستمپێكرد و دواتر كه‌ بوون به‌ نه‌مام له‌ڕێگه‌ى پێوه‌نكردنه‌وه‌ ژماره‌ى داره‌كانم زیادكرد، به‌جۆرێك له‌ئێستادا ژماره‌ى دارفستقه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ زیاتر له‌ هه‌زار و 300 دار.

وتیشى: "ماوه‌ى سێ ساڵ ده‌بێت باخه‌كه‌ به‌ته‌واوى كه‌وتوه‌ته‌ به‌رهه‌م، له‌ ساڵى رابردودا نزیكه‌ى 700 كیلۆ فستقم هه‌بوو، به‌ڵام له‌مساڵدا رێژه‌كه‌ زیادیكردووه‌ بۆ نزیكه‌ى یه‌ك تۆن، پێشبینیش ده‌كه‌ین له‌ ساڵانى داهاتودا به‌رهه‌مه‌كه‌مان زیادبكات".

ئه‌و خاوه‌ن باخه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى دارى فستق ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێر و مێ پێكدێت و له‌ رێگه‌ى ره‌شه‌باوه‌ پیتاندن له‌نێوان ئه‌و نێر و مێیه‌دا رووده‌دات، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ره‌تاى مانگى نیساندا ده‌بێت كاتێك داره‌ نێره‌كه‌ هه‌ڵاڵه‌یه‌ك دروستده‌كات و دواتر له‌ رێگه‌ى ره‌شه‌باوه‌ ئه‌م هه‌ڵاڵه‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ داره‌ مێینه‌كه‌ به‌وجۆره‌ به‌رهه‌مى فستقه‌كه‌ پڕده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م كرداره‌ روونه‌دات ئه‌وا به‌رهه‌مه‌كه‌ى پوچ ده‌بێت.

ئاماژه‌شیدا: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى فستق له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام زه‌وى ناوچه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور زۆر له‌باره‌ بۆ ناشتنى، چونكه‌ فستق تواناى هه‌یه‌ له‌ پله‌ى گه‌رمى 25 پله‌ خوار سفر و هه‌روه‌ها 50 پله‌ى سه‌رو سفر خۆى رابگرێت و كێشه‌ى بۆ دروست نه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌ به‌راورد به‌ نه‌مام و دره‌خته‌كانى تر كه‌مترین نه‌خۆشى رووى تێده‌كات و پێویستیشى به‌ ئاوێكى زۆر نییه‌.

له‌ ئێستادا له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ رووبه‌رى 45 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى به‌ فستق چێنراوه‌ كه‌ زیاد له‌ 20 هه‌زار دارى فستق له‌خۆده‌گرێت و به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵیش ده‌ڵێت: پلانیان بۆ په‌ره‌پێدانیان هه‌یه‌.

ستار مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: یه‌كێك له‌ پلانه‌ ستراتیژییه‌كانمان بریتیه‌ له‌ په‌ره‌پێدانى ئه‌و باخانه‌ى كه‌ به‌رهه‌مێكى گرانبه‌هایان هه‌یه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌رێگه‌ى نه‌مامگه‌كانمانه‌وه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌ دابه‌شكردنى نه‌مامى فستق و زه‌یتون به‌سه‌ر ئه‌و جوتیارانه‌ى خوازیارن باخى فستق و زه‌یتون دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئاماده‌شین بۆ پێدانى زانیارى له‌ڕووى چۆنیه‌تى به‌رهه‌مهێنانى ئه‌و باخانه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى باسكرد: یه‌كێك له‌ گرفته‌كانى به‌خێوكردن و به‌رهه‌مهێنانى فستق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت خاوه‌ن باخه‌كان پێوه‌نى باشییان ده‌ستبكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى كردارى پیتاندن به‌باشى روبدات و به‌رهه‌مێكى باش ده‌ستبكه‌وێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوامان له‌ كه‌سانى پسپۆڕ كردووه‌ كه‌ شاره‌زایى ته‌واویان له‌ به‌رهه‌مهێنانى فستقدا هه‌یه‌ زانیارى پێویست بده‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت باخى ئه‌و به‌رهه‌مه‌یان هه‌بێت، ئه‌و باخه‌ فستقانه‌ى كه‌ ئێستاش هه‌یه‌ جێگاى دڵخۆشییه‌ و هانى جوتیارانیش ده‌ده‌ین كه‌ په‌ره‌یپێبده‌ن.

به‌ وته‌ى جوتیارانى ناوچه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكارییان بكات، ئه‌وا له‌ چه‌ند ساڵى داهاتوودا هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ ناوچه‌ هه‌ره‌ باشه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى فستق له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هاوشێوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى باشترین جۆرى هه‌نار.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure