قایمقامی سلێمانی: رێوشوێنی نوێ ده‌گرینه‌به‌ر بۆ چاودێری كردنی كه‌رتی ته‌ندروستی

هەواڵ / کوردستان :: 19/10/2018‌ :: 837‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد
قایمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت: رێوشوێنی نوێ ده‌گرنه‌به‌ر بۆ زیاتر چاودێری كردنی كه‌رتی ته‌ندروستی لە سلێمانی و رۆژانە لێکۆڵینەوە لە کوالێتی و نرخی دەرمان دەکەن.


ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: له‌گه‌ڵ سه‌ندیكاكانی ده‌رمانسازان، پزیشكان و پزیشكانی ددان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ته‌ندروستی و چاودێری بازرگانی و ئاسایشی سلێمانی كۆبوینەوە‌ و ئامانج لێی ئەوەبوو به‌هه‌موو لایه‌كمانه‌وه‌ میكانیزم و رێوشوێنی پێویست و نوێ بگرینه‌به‌ر بۆ چاودێری كردنی كه‌رتی ته‌ندروستی و زیاتر كاراكردنی لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی بۆ خزمه‌تی شاری سلێمانی.

وتیشی: "رۆژانه‌ لیژنه‌كەمان لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌رهێنانی مۆڵه‌ت و كوالێتی و نرخی ده‌رمان دەکات، له‌ ماوه‌ی ده‌ست به‌كاربونیانه‌وه‌ تائێستا لیژنه‌كه‌ (301) سه‌ردانی ئه‌وشوێنانه‌ی كردووه‌ كه‌ هاووڵاتیان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر روی تێده‌كه‌ن، (74) پسوڵه‌ی سه‌رپێچی تۆماركراوه‌ له‌گه‌ڵ داخستنی (19) شوێن"‌.

ده‌رباره‌ی سكاڵاكانی هاووڵاتیان له‌سه‌ر شوێنه‌كان، ئاوات رونیکردەوە: سكاڵای هاووڵاتیان له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌‌ به‌دواداچونی بۆده‌كرێت، وه‌ك هه‌موو شوێنه‌كانی دیکە رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر نۆرینگه‌ و ده‌رمانخانه‌ و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن ده‌گیرێته‌به‌ر.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure