بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى چاوه‌ڕوانى مانگى 11 ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 19/10/2018‌ :: 9854‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى سامان قوبادى
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێراندا، مامه‌ڵه‌كان له‌ بازاڕه‌كانى دراوى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ رووى له‌ سستى كردووه‌، پسپۆڕێكى ئابوریش ده‌ڵێت: باشتره‌ بازرگان و كۆمپانیاكانى بوارى دراو تا سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو خۆیان به‌دووربگرن له‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ تمه‌نى ئێرانییه‌وه‌.


چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ 4ى تشرینى دووه‌مى داهاتوو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا قۆناغى دووه‌مى سزاكانى به‌سه‌ر كۆمارى ئیسلامى ئێران رابگه‌یه‌نێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بانكه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ و مامه‌ڵه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیان ده‌گرێته‌وه‌.

قۆناغى یه‌كه‌مى سزاكان بووه‌ته‌ هۆى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن و خۆدورگرتنى بازرگانان له‌ مامه‌ڵه‌ پێوه‌كردنى، به‌تایبه‌تیش بازرگانانى هه‌رێم كه‌ ئاڵوگۆڕى رۆژانه‌یان له‌گه‌ڵ بانك و بازرگانانى ئێرانى هه‌یه‌.

زیانى ئه‌و سزایانه‌ پشكى به‌ر هه‌رێم ده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش هه‌ندێكى له‌ئێستادا ده‌ركه‌وتووه‌.

جه‌بار گۆران، خاوه‌نى كۆمپانیاى فه‌ره‌یدون بۆ ئاڵوگۆڕى دراو له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت: "ئه‌گه‌ر دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن كارگه‌كانى ئێران له‌ كاركردن بوه‌ستێنێ كاریگه‌ریى خراپى ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێم، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ئێستا رێگه‌نادرێت هه‌ندێك كاڵاى ئێرانى وه‌ك برنج و ئارد و شیره‌مه‌نى بێته‌ هه‌رێم، چونكه‌ خواستى ناوخۆى خۆى پڕناكاته‌وه‌".

وتیشى: "له‌ئێستاشدا خه‌ڵك و بازرگان و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان چاوه‌ڕوانى 4ى تشرینى دووه‌م ده‌كه‌ن تا بزانرێت ئه‌مریكا چ بڕیارێك ده‌دات، ئه‌گه‌ر گه‌مارۆ بخاته‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ى نه‌وت له‌گه‌ڵ ئێران پێشبینى ده‌كه‌م به‌هاى تمه‌ن به‌ڕێژه‌ى 50% دابه‌زێت".

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ له‌كاتى داخستى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ك ملیۆن و 355 هه‌زار تمه‌نى ئێرانی بووه‌، به‌ڵام ئه‌م نرخه‌ ناجێگیره‌ و به‌رده‌وام له‌ به‌رز و نزمیدایه‌.

جه‌بار ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: رۆژانه‌ له‌ ئاڵوگۆڕى دۆلار به‌ تمه‌ن له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى 50 تمه‌ن به‌رز و نزم ده‌كات، به‌ڵام به‌ سه‌پاندنى قۆناغى دووه‌مى سزاكان ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ نزیكى 600 تمه‌ن له‌ به‌هاى دابه‌زێت. ئه‌وه‌شى وت: "به‌گشتى ئه‌وانه‌ى له‌بوارى تمه‌ندا كارده‌كه‌ن به‌ ئاگاییه‌كى زۆره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێك نوسینگه‌ى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ زۆر به‌كه‌مى مامه‌ڵه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ ده‌كه‌ن، وه‌كو كۆمپانیاكه‌ى خۆمان له‌وه‌ته‌ى گه‌مارۆ خراوه‌ته‌ سه‌ر ئێران هه‌موو مامه‌ڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا راگرتووه‌".

له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى 290 كۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو هه‌یه‌، كه‌ بڕبڕه‌ى پشتى راییكردنى مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانه‌، به‌ڵام ناجێگرى دۆخى دارایى ئێران به‌شێكى به‌رچاوى مامه‌ڵه‌كانى ئه‌م بازاڕه‌ى سست كردووه‌، شاره‌زایه‌كیش هۆشدارى ده‌دات.

د. خالید حه‌یده‌ر، مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى ئابوری به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سزاى زیره‌ك خراوه‌ته‌سه‌ر ئێران مه‌به‌ستیش له‌وه‌یه‌ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ زیانێكى زیاتر ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ئابورى ئه‌و وڵاته‌ سزاى ده‌خرێته‌سه‌ر، له‌ قۆناغى دووه‌مى گه‌مارۆكه‌ مامه‌ڵه‌ى نه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا راده‌گیرێت، ئه‌مریكا مه‌به‌ستییه‌تى دۆلار له‌و وڵاته‌دا نه‌مێنێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دواتر ناتوانێت مامه‌ڵه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكات. وتیشى: "بانكه‌ ئێرانییه‌كان له‌ قۆناغى دووه‌مدا ناتوانن مامه‌ڵه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ زۆرینه‌ى بانكه‌كانى جیهان-یش مامه‌ڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران راده‌گرن".

وتیشى: "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌وه‌ بزانێت ناوچه‌یه‌ك یان ده‌وڵه‌تێك به‌رده‌وامه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێراندا، ره‌نگه‌ سزاى ئابورى لێبكه‌وێته‌وه‌، وه‌ك هه‌رێمیش ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بین به‌ سزاكانى ئه‌مریكا، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ سزا به‌سه‌ر هه‌رێم و عێراقیشدا بسه‌پێنێت".

ئه‌و پسپۆڕه‌ى بوارى ئابورى باس له‌وه‌ده‌كات: "ئه‌گه‌ر سزاكانى ئه‌مریكا به‌سه‌ر عێراقیشدا بسه‌پێت هه‌ر بانك و بازرگان و كۆمپانیایه‌كى ئاڵوگۆڕى دراو كه‌ به‌تمه‌ن حسابیان كردووه‌ته‌وه‌ له‌ ئێران توشى زیانى گه‌وره‌ ده‌بن، بۆیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌س نییه‌ له‌ئێستادا رووبكاته‌ ئێران و حسابى بانكى بكاته‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure